ئەمریکا هۆشداری لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سعوودیە و حووسییەکان دەدات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری لە ئەگەری سەرهەڵدانی پەرەسەندن لە ململانێی نێوان سعودیە و حووسییەکاندا دەدات و داواش لە هاووڵاتییانی دەکات لە ناوچەکەدا هۆشیاربن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری دا لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژی و ململانێکان لە نێوان سعوودیە و حووسییەکاندا.
لە راگەیەندراوەکەدا، داوا لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانە کراوە کە ئێستا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، تەواوی خۆپارێزی و هۆشیارییەک بنوێنن، بەتایبەت لە سایەی ئەگەری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە ناوچەکەدا.
هاوکات، وەزارەتی دەرەوە داوا لەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەش دەکات، لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، بە جددی بیر لەوە بکەنەوە کە گەشتکردن بۆ ناوچەکە یان پیایدا تێپەڕین بۆ کاتێکی نادیار رابگرن، ئەمەش وەک رێکارێک لەبەر رۆشنایی دۆخە ئەمنییە هەستیارەکان و ئەگەری سەرهەڵدانی گرژیی زیاتر.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاو کردووتەوە و تێیدا هۆشداری دراوە کە بەهۆی گرژیی سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە زۆر ئاڵۆزە و ئەگەری روودانی پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراو لە ئارادایە.
باڵیۆزخانەکە داوای لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کردووە کە بە وردی چاودێریی جووڵەی گەشتە ئاسمانییەکان بکەن لە فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکانی عێراق، چونکە مەترسیی راگرتن یان هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان و تەنانەت داخستنی کایەی ئاسمانی لە ناوچەکەدا لە ئارادایە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە چەکدارانی حووسییەکان، هێرشەکانیان لە دژی سعوودیە دەستپێکردووەتەوە و فڕۆکەخانە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج، کە ئەمەش مەترسیی تەشەنەسەندنی خێرای جەنگەکەی زیاتر کردووە.
لە هەمان کاتدا هۆشداری دراوە کە ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تاران لەوانەیە جگە لە باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان، پەلاماری بەرژەوەندییە بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و سەرجەم ئەو دامەزراوانە بدەن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بە ئەمریکاوە بەستراونەتەوە.