سەرۆکوەزیران: سوپاسی مامۆستایان دەکەم کە نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە؛ لە قوتابخانەی "گڵۆباڵ" لە شاری هەولێر، زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027ـی لێ دا و گوتارێکی پێشکەش کرد. 

دەقی گوتاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

قوتابییانی خۆشەویست، مامۆستایانی بەڕێز، ئامادەبووانی هێژا،

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە، لەم قوتابخانە خۆشە، لەگەڵتان بەشدارم بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، ساڵی 2026-2027. دەستپێکردنی ئەم ساڵە نوێیە لە ئێوەی خۆشەویست، لە هەموو قوتابییانی خۆشەویستی ئەم قوتابخانەیە و مامۆستایانی ئەم قوتابخانەیە و هەموو قوتابییانی کوردستان و هەموو مامۆستایان پیرۆز دەکەم. هیوادارم ساڵێکی پڕ لە دەسکەوت و خۆشی و ئارامی لە پێشتان بێت، سەرکەوتوو بن لەم ساڵە و لە ساڵانی داهاتووش.

ماشائەڵڵا لە وزەی ئێوە و لە ژیری ئێوە، زۆر دڵخۆش بووم کە هاتم و بە جۆرێک بینیم هەمووتان بە وزەیەکی زۆرەوە چاوەڕوان بوون بۆ ئەوەی دەست بە ساڵێکی نوێی خوێندن بکەن. بیرتان نەچێتەوە کە کوردستان چاوەڕێی ئێوەیە، ئێوە دواتر دەبن بە کەسی گەورە و کاریگەر، بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتەکەتان بەرێوەببەن. لە سەرەتا دەمەوێت بۆتان باس بکەم کە حکوومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدابێت بۆ پشتیوانیکردنی ئێوە و پشتیوانیکردنی مامۆستایانی بەڕێز درێغی ناکات و وەزارەتی پەروەردە بەردەوام هەوڵی ئەوەیداوە کە ئاستی خوێندن، وەکوو ناوەڕۆک، وەکوو قوتابخانە، وەکوو دروستکردنی ئەو شوێنانەی پێویستن بۆ فێرکردن، پەرەی پێبدات و زیاتر بەرەوپێشەوە ببات، پڕۆسەی خوێندن بەرەوپێشەوە ببات.

ئەو ژمارانەی کە لە بەردەستمن هەر ئەم ماوەیە زیاتر لە 310 قوتابخانەی نوێ دروستکراون، و زیاتر لە 629 ژووری نوێ بۆ هەندێک قوتابخانە زیاد کراون. کۆی گشتیی ئەم قوتابخانانەی کە لەو ماوەیە نۆژەن کراونەتەوە، 3175 ژوورە لەم قوتابخانانە کە بەشێکی زۆریان لەلایەن حکوومەتەوە و بەخشەرە بەڕێزەکان و ئەمساڵ، وابزانم زیاتر لە 100 قوتابخانەش لەلایەن کوردستان فاوەندەیشنەوە هەوڵی نۆژەنکردنەوەیان بۆ دراوە. ئەمە هەمووی دەکەوێتە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست. حکوومەت بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی کەرەستەی پێویست، بۆ ئەوەی ئێوە بتوانن لە کەشێکی ئارام و کەشێکی تەندروست، پەرە بە خوێندنی خۆتان بدەن.

جلوبەرگی ئەمساڵی ئێوە ماشائەڵڵا زۆر جوانە، ئینشائەڵڵا ساڵ بە ساڵیش ئێوە دەتوانن زیاتر لە قوتابخانەکانتان، سەرکەوتنی گەورەتر ئینشائەڵڵا بەدەست بهێنن. داوا لە قوتابییە خۆشەویستەکان دەکەم هەندێک شت هەیە کە لە بیرتان نەچێت. پێش هەموو شتێک، گرنگی بە خوێندنی خۆتان بدەن. خوێندن دەتوانێت بتانکات بە کەسی سەرکەوتووتر لە ژیانی ئێوە. پێویستە ئێوە مرۆڤدۆست بن، پێش هەموو شتێک یەکتریتان خۆش بوێت. مامۆستاکانتان خۆش بوێت، دایک و باوک و کەسوکارەکانتان خۆش بوێت، بزانن ئێوە، ئێمە بەوە جوانین کە لە ئایینی جیاواز، لە نەتەوەی جیاواز هاتووین، لەبەرئەوە ئایینەکانی ترتان خۆش بوێت، رێز لە یەکتری بگرین. رێز لە جیاوازییەکانی وڵاتەکەمان بگرن، کە بێگومان وڵاتی ئێمەی جوانتر کردووە ئەم جیاوازییەی کە هەمانە.

داواتان لێدەکەم ژینگەدۆست بن. ماڵی خۆتان بە خاوێنی و پاکی رابگرن، قوتابخانەکەی خۆتان بە خاوێنی راگرن. وڵاتی خۆتان بە خاوێنی راگرن. من زۆرجاریش گوتوومە، ئەگەر گەورەکانیش بزانن رێز لە ژینگە ناگرن ئێوە رێگەیان پێ مەدەن. ئێوە داهاتووی ئەم وڵاتەن، ئێوە دەتوانن بڕیار بدەن کە داهاتووی ئەم وڵاتە بە چ ئاراستەیەک دەڕوات. بۆیە، تاوەکوو بتوانن ژینگەی وڵاتەکەی خۆتان بپارێزن.

لە هەمان کاتدا ئێوە دەبێت بە هەموو توانای خۆتان هەوڵی سەرکەوتن لە قۆناخەکانی خوێندنی خۆتان بدەن. پێش هەموو شتێک لەو شتانەی باسمکرد، دەبێت بیری ئەوەشتان بێتەوە کە دەبێت نیشتمانپەروەر بن. ئەم وڵاتە بەرهەمی خوێنی شەهیدانمانە، بەرهەمی زەحمەت و رەنجی پێشمەرگە قارەمانەکانمانە، کە بیستوومە ئێوە هەمیشە دەتانگوت بژی پێشمەرگە، ئەمە دروشمێکە کە دەبێت لە ناخی خۆمان، رێزی لێ بگرین، رێز لە پێشمەرگەکانمان بگرین، رێز لە نیشتمانەکەمان بگرین، وڵاتەکەمان خۆش بوێت، چونکە ئێمە بە وڵاتی خۆمانەوە جوانین. بە سەربەرزی ئەم وڵاتەوە دەتوانین سەربەرزتر بین.

من سوپاسی مامۆستا بەڕێزەکانیش دەکەم، کە لە هەموو قۆناخەکاندا نەیانهێشتووە پەکی خوێندن بکەوێت. ئەو مامۆستا دڵسۆزانەی کە لە کەش و وەزعی ناخۆش و ناهەمواردا، پەرەیان بە خوێندن و فێرکردنی قوتابییەکان داوە، و مامۆستا یەکەم وانەیە کە قوتابی لێی فێر دەبێت. مامۆستا بە کرداری خۆی دەتوانێت بە قوتابی بڵێت کە ببێتە چ جۆرە کەسێک. بۆیە لێبوردەیی و رەحم و ئەو ئاستە بەرزەی مامۆستا، دەتوانێت پێشکەشی قوتابی بکات، دەتوانێت لەوەوە دڵنیا بێت کە ئەم قوتابییەش بەو جۆرە پەروەردە دەکرێت. 

بۆیە جارێکی تر، من سوپاسی خۆڕاگری، سوپاسی ماندووبوون، سوپاسی خزمەتی ئەو مامۆستا بەڕێزانە دەکەم، شانازیتان پێوە دەکەین، نموونەتان زۆر بێت ئینشائەڵڵا هەر سەرکەوتوو بن. 

من جارێکی تر دەستخۆشی لە هەموو لایەک دەکەم، سوپاسی وەزارەتی پەروەردە دەکەم بۆ ئەو کارە باشانەی کە دەیکەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن، و لەسەرووی هەمووشیانەوە من جارێکی تر پیرۆزبایی لە هەموو قوتابییانی خۆشەویست دەکەم. ئینشائەڵڵا هەر سەرکەوتوو بن، هەر تەندروست بن و ساڵێکی پڕ دەستکەوت و سەرکەوتووتان لەپێش بێت.

زۆر زۆر سوپاس، جارێکی تر پیرۆز بێت ئینشائەڵڵا.