ترەمپ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەڕایەوە کۆشکی سپی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتایی هەفتەی لە کامپ دەیڤد پچڕاند و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گەڕایەوە کۆشکی سپی، ئەمەش لە کاتێکدایە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روو لە زیادبوونە.
ئیدارەی ترەمپ هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی گەڕانەوەکەی نەدا، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە بگەڕێتەوە. گۆڕینی خشتەی گەشتەکانی کۆشکی سپی لە کۆتایی هەفتەدا کارێکی نائاسایی نییە، بەتایبەت بەهۆی بارودۆخی کەشوهەواوە، کە پێشبینی دەکرا ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناوچە شاخاوییەکانی کامپ دەیڤد لە ویلایەتی مێریلاند باران و برووسکە رووبدات.
گۆڕانکارییەکەی ترەمپ هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی هاوپەیمانیی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە، سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی حووسییەکان بۆ هاویشتنی مووشەکێکی بالیستی بەرەو ریاز لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و چەند باڵیۆزخانەیەکی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداریی ئەمنییان بۆ هاووڵاتییانی ئەمریکی دەرکرد. لە هۆشدارییەکاندا ئاماژە بە ئەگەری روودانی گرژیی چاوەڕواننەکراو کراوە و هاتووە، حووسییەکان تێوەگلاون لە کردەوەی دوژمنکارانە دژی سعوودیە. هەروەها هۆشدارییان داوە لە ئەگەری بەخێرایی پەرەسەندنی ئەو ململانێیە.
سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە گواستییەوە، ترەمپ تاوتوێی ئەگەری هێرشکردنە سەر حووسییەکان لە یەمەن دەکات.
لە لایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانەکەی بۆ ئەمریکا کورتکردەوە و ئەو سەردانەی هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو بۆ ویلایەتی تەکساس ئەنجامی بدات و تێیدا لەگەڵ ئیلۆن ماسک کۆببێتەوە. رۆژنامەی یەدیعۆت ئهحرۆنۆت بڵاویکردەوە، ناتانیاهوو پێنجشەممەی داهاتوو دەچێتە نیویۆرک و هەر لەو رۆژەدا دەگەڕێتەوە ئیسرائیل.
لە بەرامبەردا ئێران لەسەر هەڵوێستەکەی بەردەوامە. موحسین رەزایی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان دووپاتکردەوە. شەوی رابردوو لە ئێکس نووسی، تاران لە رێگەی نێوەندگیەرەکانەوە 7%ـی مەرجەکانی بە حکوومەتی ئەمریکا راگەیاندووە بۆ دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەک بە مەبەستی دەرچوون لە قەیرانی ئێستا.
رەزایی گوتی: "ئەگەر واشنتن دەیەوێت لەو چەقبەستووییە دەرچێت کە خۆی تێیخستووە و لەوە زیاتر تێوەنەگلێت، هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە داننان بە مافەکانی ئێران و قبووڵکردنی مەرجەکانی."
مەرجەکان بریتین لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئێران کە چەندجارێک لەلایەن بەرپرسانی تارانەوە راگەیەندراون، ئەوانیش: راگرتنی جەنگ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە سەرجەم بەرەکان، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران، ئازادکردنی تەواوی دارایی و سامانی بەستەڵەکی ئێران لە دەرەوە، راگرتنی هەمیشەیی و تەواوی هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دژی خاکی ئێران و بەرژەوەندییەکانی، داننان بە مافە رەواکانی ئێران بۆ بەکارهێنانی وزەی ناوەکی بۆ مەبەستی ئاشتیانە و دەریاوانی، هەڵگرتنی سزاکان، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی ئێران و گەرووە ستراتیژییە ئاوییەکان وەک گەرووی هورمز.
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەم دواییانەدا پەرەی سەندووە، بەتایبەت لەدوای هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی ئارامکردنەوەی رەوشەکە کە کۆتایی مانگی تەممووزی رابردوو واژۆ کرا. هەروەها پێکدادانەکانی نێوان هێزە یەمەنییەکان و حووسییەکان بەتایبەت لە بەرەکانی کەناراوەکانی رۆژئاوا رووی لە زیادبوون کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو گرووپەی سەر بە ئێرانە دەستی بەسەر چەند دوورگەیەکی بابولمەندەب و دەریای سووردا گرت، لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەئامانجگرتنی ناوچەکانی سعوودیە، کە دوایینیان پایتەختەکەی بوو.