ئۆکرانیا بە سەدان درۆن مۆسکۆی کردە ئامانج
ئەمڕۆ یەکشەممە، هاوکات لەگەڵ کۆتا رۆژی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی رووسیا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، مۆسکۆ و دەوروبەری رووبەڕووی هێرشێکی بەرفراوانی درۆنی بوونەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 249 درۆنیان خستووەتە خوارەوە، کە بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و زیان بە پاڵاوگەیەکی نەوت گەیشتووە.
سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ جەخت دەکاتەوە، رووبەڕووی گەورەترین هێرشی درۆن بوونەتەوە کە لەلایەن دوژمنەوە ئەنجام دراوە. بەگوێرەی ئامارەکان، لە دوێنێوە زیاتر لە 1,600 درۆن لە سەرجەم هێڵەکانی بەرگری خراونەتە خوارەوە، لەو ژمارەیەش 450 فڕۆکەیان لە نزیک مۆسکۆ تێکشکێندراون.
سۆبیانین روونیکردەوە، ئامانجی ئەو هێرشە بێوێنەیە تێکدانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی دووما بووە، بەڵام دوژمن لەو هەوڵەیدا شکستی هێناوە.
ئەندرێ ڤۆرۆبیۆڤ، پارێزگاری مۆسکۆ رایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی بەشدار بوون لە تێکشکاندنی 249 درۆن. بەهۆی ئەو هێرشەی ئۆکرانیا، دوو کەس لە مۆسکۆ گیانیان لەدەست داوە، کە پیاوێکی بەتەمەن لە ئۆرێخۆڤۆ-زویێڤۆ و ژنێک لە سۆڤینۆ بوون. هاوکات 6 کەسی دیکە بریندار بوون کە دوو منداڵیان لەنێودان.
لەپاڵ زیانە گیانییەکان، بەشێکی پاڵاوگەیەکی نەوت لە مۆسکۆ زیانی بەرکەوتووە، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان هیچ کەسێک لەوێ بریندار نەبووە. لە رامێنسکۆی سەر بە مۆسکۆ، کەوتنی درۆن ئاگری لە سەربانی باڵەخانەیەکی 21 نهۆمی بەردا، کە بەهۆیەوە 400 کەس چۆڵ کران و 20 ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوت. لە سۆڤینۆش هێرشەکە بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە مۆڵێکی کۆگاکردن و هەشت تیمی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
هێرشەکان زیانیان بە خانووی تایبەت لە ناوچەکانی رامێنسکۆی، کۆلومنا و یەگۆرییێڤسک گەیاندووە و باڵەخانەی نیشتەجێبوونیش لە ناوچەکانی دیکە کەوتوونەتە بەر هێرش.