کوڕەکەی' ئەبو درع' دەستگیر کرا
لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2026، لە ناوچەی رەسافەی بەغدا کرا، هێزێکی ئەمنی توانی کوڕی ئیسماعیل حافز عەبدولعەلی لامی، ناسراو بە "ئەبو درع" کە بە عەلوول دەناسرێت دەستگیر بکات.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە میدیاکانی راگەیاند، پرۆسەی دەستگیرکردنەکە لەسەر بنەمای فەرمانێکی دادگا بووە کە بەگوێرەی ماددەی 4ـی تیرۆر دژی ناوبراو دەرچووبوو، و دوای دەستگیرکردنیشی راستەوخۆ رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان لە بەرامبەریدا بگیرێنە بەر.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە پێشتر هێزێکی هاوبەش هەڵیکوتایە سەر ماڵی ئیسماعیل حافز لە رۆژهەڵاتی بەغدا، ئەوەش دوای ئەوە هات کە دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندی لە بەغدا لەسەر بنەمای سکاڵایەکی فەرمیی شارەوانی بەغدا، فەرمانی گرتنی بۆ کوڕەکەی ئەبو درع دەرکردبوو.