ئەنجامە بەراییەکان: پارتەکەی پووتین بە زۆرینەی رەها سەرکەوتووە
دوای سێ رۆژ لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، دەرگای بنکەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی رووسیا (دۆما) داخران؛ بەپێی دوو ڕاپرسیی فەرمیی لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان (Exit Poll)، پارتی دەسەڵاتداری "رووسیای یەکگرتوو" بە بەدەستهێنانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان پێشەنگی گرتووە، هاوکات رێژەی بەشداریی دەنگدەران سەرجەم ریکۆردەکانی سێ دەیەی رابردووی شکاند و گەیشتە سەرووی 55%.
یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی ئەو داتایانەی لە لایەن هەردوو ناوەندی باوەڕپێکراوی راپرسیی "ڤسیۆم (VCIOM)" و "ئینسۆمار (INSOMAR)" لە رێگەی ئاژانسی فەرمیی تاسی رووسییەوە بڵاوکراونەتەوە، لەگەڵ داخرانی دوایین بنکەکانی دەنگدان لە هەرێمی کالینینگراد، پارتی "رووسیای یەکگرتوو" کە سەر بە ڤلادیمیر پووتینە توانیویەتی بە زۆرینەی رەها پێشەنگی هەڵبژاردنەکە مسۆگەر بکات بە بەدەستهێنانی 49.4% بەپێی ڤسیۆم و 52.8% بەپێی ئینسۆمار.
هاوکات لە پلەی دووەمدا، پارتی کۆمۆنیستی رووسیا بە بەدەستهێنانی نێوان 14.2% بۆ 14.8% جێگیر بووە، هاوکات پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی ناسیۆنالیست (LDPR) %9.9 بۆ 10.7%، پارتی "خەڵکی نوێ" 8.6% بۆ 9.7%، و پارتی "رووسیای دادپەروەر"یش لە نێوان 5.5% بۆ 6.6%ـی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا پارتەکانی دیکە نەیانتوانیوە بەربەستی یاسایی پێنج لەسەد ببڕن تا بێنە ناو پەرلەمانەوە.
شکاندنی ژمارەی پێوانەیی لە رێژەی بەشداریکردندا
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی رووسیا ئاشکرای کرد کە رێژەی بەشداریی هاووڵاتییان لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتووەتە سەرووی 55%، کە ئەمەش بەرزترین رێژەی بەشدارییە لە مێژووی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا لە دوای یەکەمین هەڵبژاردنی ساڵی 1993ەوە کە رێژەکەی 54.81% بوو، هاوکات سەرجەم ئامارەکانی هەڵبژاردنی ساڵانی 2016 و 2021ـی بە جیاوازییەکی بەرچاو تێپەڕاندووە.
لە زۆربەی پارێزگا باکووری و رۆژئاواییەکان، رێژەی بەشداری ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە، بەتایبەت لە رێگەی سیستەمی دەنگدانی ئەلیکترۆنی لە دوورەوە (DEG) کە لە زۆربەی ناوچەکاندا رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی ئەلیکترۆنی گەیشتووەتە نزیکەی 90%.
دەنگدان لە ناوچە لکێنراوەکانی ئۆکرانیا و رێکارە ئەمنییەکان
ئەم هەڵبژاردنە تایبەتمەندییەکی ستراتیژیی بۆ مۆسکۆ هەبوو، بەو پێیەی بۆ یەکەمجار دانیشتووانی هەر چوار ناوچەی دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژیا و خێرسۆن بەشدارییان لە دیاریکردنی پەرلەمانتارانی دۆمادا کرد شانبەشانی دەنگدانی هاووڵاتییان لە 39 هەرێم بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانە خۆجێییەکان کە تیایدا کێبڕکێ لەسەر 23 هەزار کورسی دەکرا.
بەهۆی هەڕەشەی بەردەوامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا، بنکەکانی دەنگدان لە کۆماری دۆنێتسک لە کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ بە زوویی داخران تاوەکو سندووقەکان بە پارێزراوی بگوازرێنەوە، هاوکات دەنگدان لە تەواوی ناوچە سنوورییەکان بە چاودێریی توندی هێزە ئەمنییەکان کۆتایی پێهات.
تۆمەتی دەستوەردانی بیانی و شکستی کەمپەینی بایکۆت
یەڤگینی ئیڤانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لە گوتارێکدا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند کە سەرجەم هەوڵە دەرەکییەکان و هەڵمەتی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە جەنگ بۆ پەکخستنی دەنگدان لە باڵیۆزخانەکانی دەرەوەی وڵات تووشی شکستی تەواو بوون و تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵک بەدەم ئەو بانگەوازانەوە چوون.
لە هەمان کاتدا، ڤاسیلی پیسکاریێڤ، سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە دەستوەردانی دەرەکی لە پەرلەمان ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 200 هەڵمەتی چەواشەکاریی بیانییان ئاشکرا کردووە کە لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنی ئۆپۆزیسیۆنی تاراوگەوە ئاراستەی کۆمارەکانی وەک تاتارستان، باشکۆرتۆستان، داغستان، بوریاتیا و ناوچە لکێنراوەکان کرابوون لەسەر دۆخی جەنگ و ئابووری تا پرۆسەکە بشێوێنن.
بڕیاریشە سبەی دووشەممە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی و دابەشبوونی 450 کورسییەکەی پەرلەمان بە فەرمی رابگەیەنێت.