پارتی چەپ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەبێتە هێزی یەکەم لە بەرلینی پایتەخت
پارتی راستڕەو دەبێتە پارتی یەکەم لە مێکلێنبۆرگ
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی راپرسیی دوای دەنگدان، لە دوو هەڵبژاردنی هەرێمیی گرنگی ئەڵمانیادا، پارتی راستڕەوی توندڕەوی "AfD" لە ویلایەتی مێکلێنبۆرگ پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و پارتی چەپ دی لینکەش لە بەرلین سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار کرد، لە کاتێکدا پارتی مەسیحی دیموکرات بە سەرۆکایەتیی فریدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا رووبەڕووی گەورەترین شکستی مێژوویی خۆی بووەوە.
یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، بەپێی راپرسیی تۆڕی فەرمیی (ARD) لە بەردەم بنکەکانی دەنگدان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ویلایەتی بەرلیندا، پارتی چەپ دی لینک بە سەرۆکایەتیی کاندیدی سەرەکی پارێزەر ئەلیف ئێڕاڵپ توانی بە بەدەستهێنانی 24.5%ـی دەنگەکان پلەی یەکەم مسۆگەر بکات، و پێش پارتی دەسەڵاتداری مەسیحی دیموکرات (CDU) بکەوێت کە تەنیا 20%ـی بەدەستهێناوە.
هاوکات پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD) %16، سەوزەکان 15%، و سۆسیال دیموکراتەکان 12%ی دەنگەکانیان هێناوە. ئەم سەرکەوتنەی چەپەکان وەرچەرخانێکی مێژووییە، چونکە لە دوای یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا لە ساڵی 1990ـەوە ئەمە یەکەمین جارە پارتی چەپ بتوانێت ببێتە هێزی یەکەمی پایتەخت، کە لە کەمپەینەکەیدا سەرنجی سەرەکیی خستبووە سەر پرسی دانانی سنوور بۆ گرانیی کرێی خانووبەرە.
پێشەنگایەتیی 'AfD' لە مێکلێنبۆرگ و داڕمانی مێژوویی پارتەکەی راوێژکار
هاوکات لە ویلایەتی مێکلێنبۆرگ-فۆربۆمەرن لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، پارتی راستڕەوی توندڕەوی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا (AfD)" بە بەدەستهێنانی 37%ی دەنگەکان پلەی یەکەمی گرت، و بە جیاوازییەکی کەم پێش پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD) بە سەرۆکایەتیی مانوێلا شڤێسیگ کەوت کە 35.5%ی مسۆگەر کرد، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت سۆسیال دیموکراتەکان بتوانن لەگەڵ پارتەکانی دیکە هاوپەیمانی پێکبهێنن تاوەکو راستڕەوەکان لە پێکهێنانی حکوومەت دووربخەنەوە.
گەورەترین شۆکی هەڵبژاردنەکەش داڕمانی پارتی دەسەڵاتداری مەسیحی دیموکرات بوو بە سەرۆکایەتیی فرێدریش مێرز، راوێژکاری ئەڵمانیا، کە دەنگەکانی بۆ 5.5% دابەزی، ئەمەش بە خراپترین ئەنجامی ئەو پارتە دادەنرێت لە مێژووی سەرجەم هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیادا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی 1949ەوە.
لێدوانەکانی ئالیس ڤایدڵ و هێرش بۆ سەر فرێدریش مێرز
لە کاردانەوەی ئەم ئەنجامانەدا، ئالیس ڤایدڵ هاوسەرۆکی پارتی "AfD" لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند, پارتەکەیان بووەتە پارتی جەماوەریی نوێ لە تەواوی ئەڵمانیادا و خەڵک خوازیاری گۆڕانکارین لە سیاسەتی دەوڵەتدا. ڤایدڵ هێرشی توندی کردە سەر فرێدریش مێرز و رایگەیاند, ڕاوێژکاری ئەڵمانیا زەبرێکی کوشندەی بەرکەوتووە و ناگونجێت بەم لاوازییەوە لە سەرۆکایەتیی حکوومەت بەردەوام بێت.
هاوکات هاوسەرۆکی پارتە راستڕەوەکە نیگەرانیی خۆی لە بردنەوەی چەپەکان لە بەرلین دەربڕی و بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی سۆسیالیستیی مەترسیدار لە دژی کەرتی تایبەت وەسفی کرد، هۆکاری ئەوەشی بۆ سیاسەتی دیواری ئاگرینی پارتەکەی مێرز گەڕاندەوە, ڕەتیدەکاتەوە هاوپەیمانی لەگەڵ راستڕەوەکان پێکبهێنێت، و داوای کرد بە زووترین کات دەستبەرداری ئەو بایکۆتە ببن بۆ ئەوەی حکوومەتێکی گونجاو پێکبهێنرێت.
یەکشەممە 6ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی ئەنجامە بەرایییە فەرمییەکان، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا توانیویەتی 44.4%ـی دەنگەکان مسۆگەر بکات، بەمەش دەنگەکانی پارتەکە بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 کە 23.7% بوو زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و زۆر لە پێشبینییە بەرایییەکانیش زیاترە.