زاخۆ بە چەندین پڕۆژە پێنجەمین ساڵیادی ئیدارەبوونی بەڕێوەدەبات

بە چاودێریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە هاوکاریی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زاخۆ، دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بازرگانیی زاخۆ لە زانکۆی زاخۆ دەکرێتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەم چالاکییەدا، یادی پێنج ساڵەی بەئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆ بە چەندین رێوڕەسم و کردنەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، پێشانگەی نێودەوڵەتیی بازرگانی تا 24ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت و دەرگاکانی رۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانی تا 7:00ـی ئێوارە بەڕووی سەردانیکاراندا کراوە دەبن.

مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند، پێشانگەکە کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ بە فەرمی دەکرێتەوە و زیاتر لە 100 کۆمپانیا لە بوارەکانی خۆراک، بیناسازی، تەکنەلۆژیا و ئۆتۆمبێل تێیدا بەشدارن. لەم ژمارەیە 60%ـی کۆمپانیاکان بیانی و سەر بە 20 وڵاتن، 40%ـەکەی تریشی کۆمپانیا ناوخۆییەکانن.

ئامانجی سەرەکیی پێشانگەکە، رەخساندنی دەرفەتی کار و دروستکردنی پردی پەیوەندییە لەنێوان کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکاندا، بەتایبەت کە زاخۆ دەروازەی سەرەکیی بازرگانیی عێراق و هەرێمی کوردستانە بەرەو تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا.

لە لایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر بەئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆدا تێدەپەڕێت، کە لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئیدارەبوونی بۆ دەرچوو.

لە چوارچێوەی یادەکەدا، کاتژمێر 4:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە قۆناخی دووەمی کۆرنیشی زاخۆ، مزگەوتی حاجی ئیبراهیم بە فەرمی دەکرێتەوە. ئەم مزگەوتە کە پێشتر مەترسیی لەناوچوونی لەسەر بوو، لەلایەن خێرخوازان و حکوومەتەوە بە شێوازێکی مۆدێرن نۆژەنکراوەتەوە و دەخرێتە خزمەت نوێژخوێنانەوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ 355 پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێ کراون و 9 پڕۆژەی دیکەش لە قۆناخی جێبەجێکردندان.

لە کەرتی رێگاوباندا، رێژەی قیرتاوکردن 65% بەرزبووەتەوە و کۆی گشتیی قیرتاوکردن لە زاخۆ گەیشتووەتە 95%. سەبارەت بە ئاوی خواردنەوەش، پێداویستیی گەڕەک و ماڵان دابین کراوە و 38 بیری ئاوی خواردنەوە لێ دراون.

لە بواری پەروەردەدا 12 قوتابخانەی نوێ دروستکراون و 73 قوتابخانەی دیکەش لە سەنتەری زاخۆ نۆژەنکراونەتەوە. هاوکات بۆ یەکەمجار نەخۆشخانەی منداڵان دروستکراوە و سەنتەرێکی دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەش لەناو نەخۆشخانەی زاخۆ ئامادە کراوە و بە نزیکەیی بە فەرمی دەکرێتەوە.

لە کۆی ئەو پڕۆژانەدا 18 باخچە دروستکراون و رێژەی سەوزایی، کە پێشتر 1% بوو، ئێستا گەیشتووەتە 12%ـی ڕووبەری ناوچەکە.