ئێران هۆشداری گۆڕینی جوگرافیای جەنگ دەدات

 ئێران جارێکی دیکە هۆشداریی دایە ئەمریکا لە هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەر خاکی وڵاتەکە. حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هەر هێرشێکی نوێ تاران ناچار دەکات جوگرافیای جەنگ و جۆری چەکەکان بگۆڕێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، حوسێن موحیبی بە ئاژانسی هەواڵی فارسی گوت: "ئەگەر دەستدرێژییەکی نوێ رووبدات، جۆری چەکە بەکارهاتووەکان و مەودای جوگرافیی جەنگەکە دەگۆڕین." موحیبی جەختیکردەوە، تاران ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ململانێیەکی درێژخایەن ئەگەر بارودۆخەکە پێویست بکات.

سەرچاوەکان لە تاران باسیان کردووە دەسەڵاتداران پێشبینی دەکەن وڵاتەکە رووبەڕووی هێرشێکی دیکەی ئەمریکا ببێتەوە. بەگویرەی زانیارییەکان، مۆڵەتی ئەفسەرە پلە باڵاکانی سوپا و بەرپرسانی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا هەڵوەشێندراوەتەوە.

دوێنێ یەکشەممە، هێزەکانی ئێران هۆشدارییان دابوو لەبارەی پلانی ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی کردە سەربازییەکان و هێرشکردنە سەر خاکی ئێران. فەرماندەیی یەکگرتووی شەڕی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد: "تاران زانیاریی پێگەیشتووە ئەمریکا خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی کردە سەربازییەکان ئامادە دەکات."

لەلایەکی دیکەوە، ئەو فەرماندەییە هۆشدارییدا کە هەر هێرشێکی ئەمریکا لێکەوتەی دەبێت و تاران هێرشی بەردەوام دەکاتە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "رووداوێکی گەورە لەبارەی ئێرانەوە ئەگەرێکی کراوەیە." ئەو روونیکردەوە کە لە قۆناخی بڕیارداندایە بۆ داهاتوویەکی زۆر نزیک.

ترەمپ باسی سێ بژاردەی کرد کە لەبەردەستیدان: "سڕینەوەی تەواوەتی ئێران و تێکدانی، یان مانەوەی بۆ ئەوەی ئابووریی وڵاتەکە تێبکۆشێت، یان گەیشتن بە رێککەوتن و پەیمانێک."