سەرۆک بارزانی: مامۆستایانی ئایینی سەنگەرێکی بەهێزی بەرگریکردن بوونە لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆک بارزانی، بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە ڕاسپاردەی بارزانیی نەمر بڕیارێكی مێژوویی بوو.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، بەبۆنەی تێپەڕبوونی پەنجا و شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە، پیرۆزبایی گەرم لە سەرۆک و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایان و سەرجەم مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە كوردستان دەكەم.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان بە راسپاردەی بارزانیی نەمر، بڕیارێكی مێژوویی بوو بۆ بەهێزكردنی رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە شۆڕش و خەباتی گەلەكەماندا، دەشڵێت، مامۆستایانی ئایینی هەمیشە سەنگەرێکی بەهێزی بەرگریکردن بوونە لە مافە رەواکانی گەلی کوردستان و قووڵکردنەوەی هزری نیشتمانپەروەری، هەروەها پەیامی خوداپەرستی و دینداری و لێبورده‌یی و میانڕەوی و پێکەوەژیانیان بڵاو کردۆتەوە.

لە کۆتایی پەیەمەکەیدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا، رێز و پێزانینی بێپایانم هەیە بۆ ماندووبوون و قوربانیدانی مامۆستایانی ئایینی لە رابردوو و ئێستادا. هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ هەموویان دەخوازم لە بەجێگەیاندنی ئەم پەیامە پیرۆزە و، ڕێنوێنی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگەدا.