بێسێنت: سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە جیهاندا رادەگیرێن
وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن بی سی" رایگەیاند، لە رۆژی 23ـی ئەم مانگەوە سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا کارەکانیان رادەوەستێت، و هۆشداریشی دا کە هەر وڵات و کۆمپانیایەک خزمەتگوزارییان پێشکەش بکات لە سیستەمی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت.
دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "سی ئێن بی سی"، ئاشکرای کرد کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی گوشارە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر تاران، لە رۆژی 23ـی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی دا و رایگەیاند، لەئەگەری نیشتنەوەی هەر فڕۆکەیەکی ئێرانیدا، نابێت هیچ فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکات یان تکتی گەشتیان پێ بفرۆشێت، چونکە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات دەستبەجێ لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئەم هۆشدارییە نوێیە تەواوکەری زنجیرەیەک هەنگاوی مەیدانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە؛ بەپێی زانیارییەکانی پێشووی فۆکس نیوز، واشنتن لە چەند رۆژی رابردوودا نێردەیەکی باڵای خۆی رەوانەی هەریەکە لە ئیمارات، تورکیا، سەڵتەنەتی عومان و بەریتانیا کرد تاوەکو رێکاری بەپەلە لە دژی گەشتەکانی تاران بگرنەبەر.
ئەو جووڵەیە بە خێرایی ئەنجامی هەبوو و دوای کۆبوونەوەکان، هەردوو حکوومەتی تورکیا و عومان بە فەرمی راگرتنی سەرجەم گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئایر"ی ئێرانیان بۆ فڕۆکەخانەکانیان راگەیاند، ئەمەش وایکرد وەزارەتی گەنجینە دەستخۆشی لە هەڵوێستی ئەنقەرە و مەسقەت بکات لە هاوکاریکردنی پلانەکانی واشنتندا.
سکۆت بێسێنت پێشتریش بەڵێنی دابوو کە واشنتن قۆناخی "رۆژی پەلاماری ئابووری" بەسەر تاراندا دەسەپێنێت بە مەبەستی خنکاندنی دارایی کۆماری ئیسلامی کە بەهۆی جەنگ و داخرانی گەرووی هورمزەوە بازاڕەکانی جیهانی شڵەقاندووە.
بێسێنت لە سەرەتای ئەم مانگەدا سزای خستبووە سەر تەواوی کۆمپانیا فڕۆکەوانییە ماوەکانی ئێران و ئەو دەستانەی کەرەستەی فڕۆکەیان بۆ دابین دەکردن.
ئەم لێدوانە نوێیانەی وەزیری گەنجینە رێک دوای رۆژێک دێت لە کۆبوونەوەی لەگەڵ هێ لیفێنگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی چین بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ لووتکەی رۆژی پێنجشەممەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و شی جینپینگ، تاوەکو تیایدا پرسی پەیوەندییە داراییەکانی پەکین لەگەڵ تاران بە وردی تاوتوێ بکرێت.