لە ترسی سزاکانی ئەمریکا؛ عێراق گەشتی سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران رادەگرێت

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسانی حکوومەتی عێراقەوە ئاشکرای کرد، بەغدا بڕیاری داوە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە گەشتەکانی سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران رابگرێت، ئەمەش دوای هۆشدارییەکی توندی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دێت کە رایگەیاندبوو لە ماوەی دوو ڕۆژدا تەواوی هێڵە ئاسمانییەکانی تاران لە جیهاندا پەکدەخرێن.

دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، دوو سەرچاوەی ئاگاداری حکوومەتی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، بەغدا بڕیاری داوە بە سەپاندنی قەدەخەی تەواوەتی بەسەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێراندا لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی وڵاتدا.

بەرپرسێکی باڵای عێراقی لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد، عێراق لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەوە لەسەر بنەمای بڕیارەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەست بە جێبەجێکردنی ئەم رێکارە دەکات، و هۆشداریشی دا کە ئەو وڵاتانەی بڕیارەکە جێبەجێ نەکەن، رووبەڕووی مەترسیی سزای توندی دارایی لە لایەن واشنتنەوە دەبنەوە، هاوکات سەرچاوەیەکی دیکەی حکوومەتیش هەمان زانیاریی پشتڕاستکردەوە.

ئەم هەڵوێستەی بەغدا دوای لێدوانەکانی سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت لە کەناڵی "سی ئێن بی سی"، کە تێیدا ئاشکرای کردبوو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی گوشارە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر تاران، لە رۆژی 23ی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.

بێسێنت هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری نیشتنەوەی هەر فڕۆکەیەکی ئێرانیدا، نابێت هیچ فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکات یان تکتی گەشتیان پێ بفرۆشێت، چونکە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات دەستبەجێ لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئەم بڕیارەی عێراق تەواوکەری زنجیرەیەک هەنگاوی مەیدانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە؛ بەپێی زانیارییەکانی پێشووی فۆکس نیوز، واشنتن لە چەند رۆژی رابردوودا نێردەیەکی باڵای خۆی رەوانەی هەریەکە لە ئیمارات، تورکیا، سەڵتەنەتی عومان و بەریتانیا کردبوو تاوەکو رێکاری بەپەلە لە دژی هێڵە ئاسمانییەکانی تاران بگرنەبەر، کە بەهۆیەوە هەردوو حکوومەتی تورکیا و عومان بە فەرمی سەرجەم گەشتەکانی هێڵی "ماهان ئایر"یان بۆ فڕۆکەخانەکانیان راگرت، و ئێستاش بەغدا بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە یەکێک لە سەرەکیترین دەروازەکانی گەشتی ئاسمانی بەڕووی فڕۆکە ئێرانییەکاندا دادەخات.