سزای هاندەرانی یانەی هەولێر کەم دەکرێتەوە

خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ ماوەی 18 رۆژ دەوەستێت

هاندەرانی یانەی هەولێر لە یاریی هەولێر و گەرمە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری
هاندەرانی یانەی هەولێر لە یاریی هەولێر و گەرمە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری

دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە فەرمی خولەکە بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو بۆ ماوەی 18 رۆژ  دەوەستێت، بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 تـانـەی یانەی هەولیر بۆ کەمکردنەوەی سزایەکەی، سەردەگرێت و پێشبینی دەکرێت سزای هاندەرانی یانەکە کەم بکرێتەوە.
خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداو بۆ ماوەی 18 رۆژ دەوەستێت، خولەکە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو بە یاریی نێوان نەفتی میسان و هەولێر دەست پێدەکاتەوە.
یانەی هەولێر لە لایەن لێژنەی رێککاری لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەهۆی یارییەکەی گەرمە، سزایەکی قورسی بەسەردا سەپاوە و ئەگەر سزایەکە لەسەر یانەی هەولێر جێبەجێ بکرێت، هەولێر سێ یاریی بەرامبەر یانەکانی موسڵ، گازی باکوور و غەراف لەنێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەکات.
کوردستان24 زانیویەتی کارگێری یانەی هەولێر لە رێگەی پاریزەرەکەیان بە فەرمی لە بەغدا تانەی لە بڕیاری سزادانەکەی داوە و بە رێژەی 100% سزای هاندەرانی هەولێر کەم دەکرێتەوە و پێشبینی دەکرێت ئەو سزایە تەنیا لە یاریی هەولێر و موسڵ جێبەجێ بکرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24 هەفتەی داهاتوو لێژنەی تێهەڵچوونەوە بە سزایەکان لەبارەی تانەکەی هەولێر بڕیاریی کۆتایی دەدەن، سزایەکەش بە رێژەیەکی زۆر بۆ یەک یاریی کەم دەکرێتەوە.
دکتۆر دیار کەمال پلەی پرۆفیسۆری هەیە لە زانکۆی سلێمانی کوردە و جێگری سەرۆکی لێژنەی تێهەڵچوونەوەیە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لە نێو لێژنەکەدا رۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەی هەیە لە پێداچوونەوە و بڕیاردان لە سەرجەم تانە و سکاڵایەکان.