دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران چاوەڕوانی هەڵوێستی زەیدییە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق چاوەڕوانی بڕیارێکی هەستیار سەبارەت بە ئێران دەکات، بڕیاری لەبارەی وەستاندنی گەشتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق چاوەڕوانی هەڵوێستی عەلی زەیدی دەکات بۆ ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی عەلی زەیدی کردووە سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نووسراوەکە نەدراوەتەوە.

لەبارەی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش، بەهەمان شێوە چاوەڕوانی وەڵامی عەلی زەیدی دەکەن.

بەپێی بەدواداچوونەکان، ئەگەر کۆمپانیا جیهانییەکانی فڕۆکەوانی، کە خزمەتگوزاریی نێودەوڵەتیی پێشکەش بە هێڵە ئاسمانییەکان دەکەن، خزمەتگوزارییەکانیان بۆ هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران ڕابگرن، لە کێشە بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست دەبێت.

هەر ئەمڕۆ سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت لە کەناڵی "سی ئێن بی سی"، کە تێیدا ئاشکرای کردبوو ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی گوشارە بەردەوامەکانیدا بۆ سەر تاران، لە رۆژی 23ی ئەیلوولەوە سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران لە سەرتاسەری جیهاندا لە کارکردن دەخات.

بێسێنت هۆشداریی دابوو کە لە ئەگەری نیشتنەوەی هەر فڕۆکەیەکی ئێرانیدا، نابێت هیچ فڕۆکەخانەیەک سووتەمەنی و خزمەتگوزاریی نیشتنەوەیان بۆ دابین بکات یان تکتی گەشتیان پێ بفرۆشێت، چونکە هەر لایەنێک ئەو کارە بکات دەستبەجێ لە سیستەمی دارایی دۆلاری ئەمریکی بێبەش دەکرێت و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.

ئەم بڕیارەی عێراق تەواوکەری زنجیرەیەک هەنگاوی مەیدانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە؛ بەپێی زانیارییەکانی پێشووی فۆکس نیوز، واشنتن لە چەند رۆژی رابردوودا نێردەیەکی باڵای خۆی رەوانەی هەریەکە لە ئیمارات، تورکیا، سەڵتەنەتی عومان و بەریتانیا کردبوو تاوەکو رێکاری بەپەلە لە دژی هێڵە ئاسمانییەکانی تاران بگرنەبەر، کە بەهۆیەوە هەردوو حکوومەتی تورکیا و عومان بە فەرمی سەرجەم گەشتەکانی هێڵی "ماهان ئایر"یان بۆ فڕۆکەخانەکانیان راگرت، و ئێستاش بەغدا بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە یەکێک لە سەرەکیترین دەروازەکانی گەشتی ئاسمانی بەڕووی فڕۆکە ئێرانییەکاندا دادەخات.