ئەردۆغان: پاڵپشتیی هەوڵەکانی چەسپاندنی سەقامگیریی عێراق دەکەین

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا

سەرۆککۆماری تورکیا، پاڵپشتیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەقامگیری لە عێراق دووپات کردەوە. هاوکات جەختی لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە تایبەت "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان" و کەرتی وزە کردەوە بۆ گەشەی ئابووریی ناوچەکە.

سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر پرسە هەنووکەیییەکانی ناوچەکە و جیهان خستە ڕوو و رایگەیاند: پشتیوانیی تەواو لە هەوڵەکانی بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق دەکەین.

ئەردۆغان ئاماژەی بە هەماهەنگییە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا کرد و گوتی: لەگەڵ عێراق کار لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی بواری گواستنەوە و وزە دەکەین کە دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەماندا، لە سەرووی هەمووشیانەوە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان.

سەبارەت بە دۆسیەی فەڵەستین، سەرۆککۆماری تورکیا خەمباریی خۆی دەربڕی لەوەی کە سەرۆکی فەڵەستین مەحموود عەباس بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک نەیتوانیوە لە دانیشتنەکانی کۆمەڵەی گشتیدا ئامادە بێت و، داوای لە سەرجەم ئەو ولاتانە کرد کە تا ئێستا دانیان بە دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستیندا نەناوە، بە بڕیارەکانیاندا بچنەوە و هەنگاوی کردەیی بنێن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەردۆغان تیشکی خستە سەر دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە و گوتی: لە ماوەی سێ ساڵدا لە غەززە زیاتر لە 74 هەزار کەسمان بەهۆی تیرۆری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لەدەستداوە. غەززە ئێستا بووەتە ئۆردوگای مەرگ و گەورەترین گۆڕستانی منداڵان لە جیهاندا.

ئاماژەی بەوەش کرد، تەنانەت دوای راگەیاندنی ئاگربەستیش، ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 500 کەس، بە جۆرێک کە غەززە بووەتە داماڵراوترین ناوەندی دەستبەسەرکردن لە مرۆڤایەتی و سەرچاوەی شەرمەزاری بۆ ئەم سەردەمە.

هاوکات سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە پێشێلکارییەکان لە کەناری رۆژئاوا کرد و رایگەیاند: کە ناوچەکە بە دەست توندوتیژی و تیرۆری نیشتەجێیە ئیسرائیلییەکانەوە دەناڵێنێت و رێگری لە موسڵمانان دەکرێت بچنە سەر شوێنە پیرۆزەکانیان.

هەروەها ئەردۆغان رەخنەی توندی لە شێوازی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێکهاتەی ئەنجوومەنی ئاسایش گرت و دووپاتی کردەوە: نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایش دامەزراوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ئاست جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا نییە یان بە ئەنقەست رێگریی لێ دەکرێت.

جەختیشی کردەوە، کە لایەنی فەڵەستینی رەزامەندیی لەسەر قۆناخی دووەمی پلانی ئاشتی دەربڕیوە بەڵام ئیسرائیل دەستبەرداری داگیرکاری نابێت؛ بە هەمان شێوە ئاماژەی دا کە سیستەمێکی نێودەوڵەتی کە تەنیا لەسەر بڕیاری پێنج وڵات سنووردار کرابێت، هەرگیز ناتوانێت سیستمێکی دادپەروەر بێت.