تۆم بەڕاک: لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک زەیدی کارێکی باش دەکات

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق رایگەیاند، داماڵینی چەکی گرووپە چەکدارەکان پرسێکی چارەنووسساز و گرنگە بۆ سەرجەم خەڵکی عێراق. هاوکات پشتگیریی واشنتنی بۆ هەنگاوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی و ستایشی هەوڵەکانی کرد لە کۆنترۆڵکردنی چەکدا.

سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق لە لێدوانێکدا بۆ عەرەبییە، سەرنجی خستە سەر پرۆسەی هەڵگرتنی چەکی بێسەروبەر لە عێراق و گوتی: چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان پرسێکی لەپێشینە و گرنگە بۆ خەڵکی عێراق، ئێمەش هیوادارین ئەم پرۆسەیەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە عێراقدا سەرکەوتوو بێت.

نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق ئاماژەی بە رێکارەکانی حکوومەتی بەغدا کرد بۆ هێنانەژێر رکێفی هێزە چەکدارەکان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا و جەختی کردەوە: لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەکدا، سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کارێکی زۆر باش دەکات.

هەروەها پێشتر، بەڕاک لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر ئاشکرایکرد و گوتی: تاکوو 2027 چەکی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی عێراق کۆنتڕۆڵ دەکرێت و تەنیا دەوڵەت هێزی چەکداری دەبێت؛ ئاماژەی دابوو، واشنتن و بەغدا دەست دەبەن بۆ یەکێک لە دۆسیە هەرە هەستیارەکان و پرسی فرەچەکی لە عێراقدا دەخەنە بەردەم وادەیەکی یەکلاکەرەوە.

تۆم بەڕاک، دوای کۆبوونەوەی نێوان مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی دەبێت تا کۆتایی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، تەنیا دەوڵەت بەرپرسی هێزە چەکدارەکان بێت و سەرجەم چەکەکان بکەونە ژێر کۆنترۆڵی فەرمی.

ئەم هەنگاوە هاوبەشەی نێوان واشنتن و بەغدا، دەرگای قۆناخێکی چارەنووسساز دەکاتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە هەژموونی هێزە نافەرمییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا، تا چیتر بڕیاری ئەمنی و سەربازی لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان نەدرێت و دەسەڵاتی چەک تەنیا لەژێر چەتری یاسادا کۆببێتەوە.