ئەمریکا کڕینی کەلوپەلی گرانبەها لە دیپلۆماتکار و بەرپرسانی ئێران قەدەخە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی فرۆشگاکانی کەلوپەلی لووتکە و بازاڕە گەورەکانی نیویۆرک کرد لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ شاند و بەرپرسانی ئێران؛ رایگەیاند، دیپلۆماتکارانی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و خێزانەکانیان، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لە حکوومەتی ئەمریکا، بۆیان نییە کەلوپەلی گرانبەها یان ئەندامێتی لە فرۆشگا کۆگاییەکاندا بکڕن.
سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راگەیەندراوێکدا فرۆشگاکانی کەلوپەلی گرانبەها و بازاڕەکانی لە ویلایەتەکانی نیویۆرک، نیوجێرزی و کۆنێتیکت ئاگادارکردەوە کە پێویستە پابەندی رێکارە یاساییەکان بن.
هۆشدارییەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، کە بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن و مەترسیی پێشێلکردنی سزاکان لەو کاتانەدا بەرز دەبێتەوە.
بەپێی یاسای نێردە بیانییەکان لە ئەمریکا، فرۆشتنی هەر شتومەکێک بە بەرپرسانی ئێران کە بەهاکەی پێش باج لە سەرووی 1000 دۆلارەوە بێت، قەدەخەیە ئەگەر مۆڵەتی وەزارەتی دەرەوەی نەبێت؛ لەنێویاندا کاتژمێری دەستی، پۆشاکی چەرم و ئاوریشم، فەرش، زێڕوزێنگەر، بەردی گرانبەها، کەرەستەی ئەلیکترۆنی، بۆن و مەی، هەروەها فرۆشتنی ئۆتۆمبێلیش کە نرخەکەی لە سەرووی 60 هەزار دۆلارەوە بێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆکاری ئەم سنووردارکردنەی روونکردەوە و رایگەیاند: رێگە نادەین ئێران چالاکییە دیپلۆماسییەکان و گەشتکردن بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بقۆزێتەوە تاوەکو بەرپرسەکانی زیاتر دەوڵەمەند بکات. ئەو بەرپرسانەی کە سامانی خەڵکی ئێران بۆ پڕۆگرامە ئەتۆمی و مووشەکییە تێکدەرەکانیان بەهەدەر دەدەن، نابێت رێگەیان پێبدرێت کەلوپەلێک دەستبخەن کە هاووڵاتییانی ئاسایی ئێران لێی بێبەشن.
واشنتن هۆشداریی ئەوەشی داوە کە کڕینی کەلوپەلی گرانبەها لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە دەکرێت وەک رێگەیەک بۆ دەربازبوون لە سزاکان و سپیکردنەوەی پارە بۆ دابینکردنی دارایی پرۆگرامە سەربازییەکانی ئێران بەکاربهێنرێت.
حکوومەتی ئەمریکا داوای لە تەواوی کەرتی تایبەت و فرۆشگاکان کردووە کە ڕێکاری وردی پشکنینی ناسنامە جێبەجێ بکەن و ئاگاداری هەر مامەڵەیەکی گوماناوی بن.
وەزارەتی دەرەوە و گەنجینەی ئەمریکا هۆشدارییان دا کە هەر کۆمپانیا یان فرۆشگایەک ئەم بڕیارە و سزاکانی پەیوەست بە ئێران پێشێل بکات، رووبەڕووی سزای دارایی قورس دەبێتەوە کە دەگاتە 377 هەزار و 700 دۆلار بۆ هەر مامەڵەیەک، یاخود دوو هێندەی بەهای ئەو کەلوپەلەی فرۆشتوویەتی، جیا لەوەی رەوانەی دادگای تاوان دەکرێت بۆ لێپێچینەوەی یاسایی.