ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی سندووقێکی وەبەرهێنان بە بەهای 10 ملیار دۆلار دادەمەزرێنن

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ چەند وڵاتێکی عەرەبی گفتوگۆ لەسەر دامەزراندنی سندووقێکی هاوبەشی وەبەرهێنان بە بەهای 10 ملیار دۆلار دەکات؛ ئامانج لەم هەنگاوە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی وزە و راکێشانی هێڵی نوێی بۆریی نەوتە تاوەکو هەناردەکردنی نەوت لە گەرووی هورمز و هەڕەشەکانی ئێران دەرباز بکەن.

سێشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، بەپێی رەشنووسی دەستپێشخەرییەکی نوێ بە ناوی "پەیمانی بنیاتنان و متمانەی هاوپەیمانان" (Pact)، واشنتن بڕی 5 ملیار دۆلار تەرخان دەکات، لە بەرامبەردا چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی ناوچەکەش بە هەمان بڕ 5 ملیار دۆلاری دیکە دابین بکەن بۆ پێکهێنانی کۆمپانیایەکی نوێی هاوبەش.

دەستپێشخەرییەکە وەک پلاتفۆرمێکی مێژوویی وەبەرهێنان بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار ناوزەند کراوە؛ لە رێگەیەوە سندووقە سەروەرییەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا، وەکو بلاکستۆن، بلاک رۆک و کەی کەی ئاڕ دەتوانن لە پرۆژە ستراتیژییەکانی وزە و ژێرخانی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەبەرهێنان بکەن.

ئامانجی سەرەکیی ئەم پلانە ئەوەیە توانای ئێران بۆ تێکدانی هەناردەکردنی نەوتی ناوچەکە پووچەڵ بکاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی جەنگەوە هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هورمز پەکیکەوت، کە پێشتر یەک لەسەر پێنجی نەوت و گازی هەموو جیهانی پێدا تێپەڕ دەبوو. ئەم دۆخە نرخی نەوتی برێنتی بۆ نزیکەی 100 دۆلار بەرزکردووەتەوە و لە ئەمریکاش نرخی دیزڵی گەیاندووەتە ئاستێکی پێوانەیی.

لە رەشنووسی دەستپێشخەرییەکەدا هاتووە: ئەم پەیمانە میکانیزمێکی هاوبەشە بۆ بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوت تاوەکو هیچ خاڵێکی تەنگەبەر نەتوانێت جووڵەی وزەی ناوچەکە رابگرێت؛ تاوەکو رێڕەوی زیاتر هەبن، نەیارەکان کەمترین دەسەڵات و کارتی گوشاریان بەسەر سیستەمی وزەی جیهانەوە دەمێنێت.

مایکڵ وەحید حەننا، بەڕێوەبەری پرۆگرام لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان پێیوایە کە دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر بنەمای قازانج و لۆژیکی ئابووری دەچنە نێو ئەم پڕۆژەیەوە و دەڵێت: بیرۆکەی دۆزینەوەی رێڕەوی جێگرەوە گونجاوە، بەڵام ئەم دەوڵەتانە تەنیا لەبەر خاتری دۆناڵد ترەمپ ناچنە نێو پڕۆژەی خەیاڵیی ئابوورییەوە، بەڵکو چاویان لەوەیە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ و هێوربوونەوەی بازاڕی نەوتیش، ئەم وەبەرهێنانە تا چەند سوودی ئابووریی دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، لەگەڵ سەرکردەی نۆ وڵاتی عەرەبی کۆبووەوە و بەگوێرەی رۆژنامەکە لەوێ تاوتوێی ئەم دەستپێشخەرییە کراوە و ئەمریکا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی سندووقەکە دەکات و بڕیاریشە دانوستانە تەکنیکییەکان لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوودا دەستپێبکەن.

وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعودیە و ئیمارات، دەمێکە کار لەسەر دۆزینەوەی هێڵی جێگرەوە دەکەن تاوەکو نەوتەکانیان لە دەرەوەی هورمز بگەیەننە بەندەرەکان، بەڵام مەترسییە ئەمنییەکان هێشتا بەردەوامن؛ بە جۆرێک ئەم مانگە سعوودیە ناچار بوو هێڵی بۆریی سەرەکیی رۆژهەڵات-رۆژئاوا رابگرێت دوای ئەوەی لە رێگەی درۆنێکەوە لە عێراقەوە هێرشی کرایەسەر. هاوکات هەناردەکردنی گازی شل و ماددە پێترۆکیمیاییەکانی کەنداویش بەهۆی گرژییە دەریاییەکانەوە بە تەواوی لاواز بووە.