ترەمپ: ئەمڕۆ سێ کاتژمێر لەگەڵ شاندی ئێران کۆبووینەوە

میدیاکانی ئێران: شاندی وڵاتەکەمان سێ مەرجیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە

دۆناڵد ترەمپ و میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە رایانگەیاند،، شاندێکی ئەمریکا بە بەشداریی جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێرییان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە نیویۆرک ئەنجام داوە؛ ترەمپ جەخت دەکاتەوە کە ئێران لە نێوان رێککەوتن و پێشکەوتن یان لەناوچوونی تەواوەتیدا یەکێکیان هەڵدەبژێرێت، لە بەرامبەردا شاندی ئێران چەند مەرجێکی پێشکەش ئەمریکا کردووە.

سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پەردەی لەسەر دانوستانە نوێیەکانی لەگەڵ تاران هەڵدایەوە و رایگەیاند، شاندێکی ئەمریکا بە بەشداریی جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێرییان لەگەڵ شاندی ئێرانی ئەنجامداوە کە تەنیا کاتژمێرێک پێش دیداری لەگەڵ زێلێنسکی کۆتایی هاتووە.

ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە زۆر باش و بەرهەمدار وەسف کرد و گوتی: کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دیاریکراوە؛ ناتوانم وێنای بکەم بۆچی دەبێت ئێران رێککەوتن نەکات، چونکە ئەوان لەبەردەم دوو بژاردەی دیاریکراودان: یان گەورەیی و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان لە رێگەی رێککەوتنەوە، یان لەناوچوونی تەواوەتی.

لەبارەی هەڵوێستی بەریتانیاش لە جەنگی ئۆکراینادا، ترەمپ رەخنەی لە زمانی توندی سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا گرت بەرامبەر مۆسکۆ، بەڵام جەختی کردەوە، ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا سیاسەتێکی باشی هەیە و بە تەواوی لە پاڵ ئۆکراینادایە.

میدیای فەرمیی ئێران، دووپاتی کردەوە، عەباس عێراقچی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا کۆبووەتەوە و بڵاوی کردووەتەوە، تەنیا بۆ گەیاندنی هەڵوێستی نەگۆڕ و مەرجەکانی لەبارەی گەرووی هورمز داواکاریی ئەمریکای بۆ کۆبوونەوە قبووڵ کردووە.

بەگوێرەی میدیای ئێران مەرجەکانی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بریتین لە: هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران؛ ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم دارایی و پارە سڕکراوەکانی ئێران و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکانی بەرەی مقاوەمە.

بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ناوچەیی بۆ ئەکسیۆس ئاشکرایان کرد کە لە لایەنی ئەمریکاوە هەریەک لە جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، و لە لایەنی ئێرانیشەوە عەباس عێراقچی بەشدار بوون؛ ئەمەش یەکەمین گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێک بە مەبەستی شکاندنی چەقبەستوویی ئەو جەنگەی کە ماوەی حەوت مانگە بەردەوامە.

هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی (NBC)ی راگەیاند، ترەمپ ئامادەیە راستەوخۆ لە نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببێتەوە، چونکە باوەڕی وایە گفتوگۆکردن بۆ چارەسەری کێشەکان گرنگە، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دیدارێکی لەو شێوەیە دیاری نەکراوە.