ئەحمەد شەرع: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی هەیە
سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند، دوای 100 ساڵ مافەکانی کورد لە سووریا چەسپێنراون و خوێندن لە ناوچەکانیان بە زمانی کوردی دەبێت، هاوکات لەگەڵ کورد گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ یەکخستنەوەی بەڕێوەبردنی وڵات؛ ئاشکراشی کرد کە لە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتبوونە 90%ی ڕێککەوتن، جەختیشی کردەوە کە چەک لە دەستی دەوڵەتدا کۆدەکەنەوە و ڕێگە بە بوونی هێزی بیانی نادەن.
چوارشەممە 23ی ئەیلوولی 2026، لە میانی پانێڵێکی تایبەتی پەیمانگەی "ئەنجوومەنی ئەتڵەسی" لە نیویۆرک کە برێت مەکگۆرک بەڕێوەی برد، ئەحمەد شەرع لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەوانان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و هەولێر و ڕایگەیاند: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە بواری ئابووری و ئەمنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا زۆر باشە. هەروەها پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرجەم بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
سەرۆککۆماری سووریا باسی لە مێژووی ئەم پەیوەندییانە کرد و گوتی: ئەم پەیوەندییە هەر لە سەرەتاوە دروستمان کردووە و بۆ داهاتووش بەردەوام دەبێت و پێشی دەخەین.
سەبارەت بە هاوئاهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی سووریا، ئەحمەد شەرع گوتی: ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان هەبووە سەبارەت بەو کێشانەی پەیوەست بوون بە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چۆنیەتیی یەکخستنەوەی ئەو هێزانە لەگەڵ سوپای سووریادا.
ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە کە ئامانجی هەنگاوەکانیان خزمەتکردنە بە ئاشتی و سەقامگیری و ئێمە هەموو کارێک لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی سەرجەم خەڵکی سووریادا دەکەین.
ئەحمەد شەرع، لە بارەی دۆسیەی کورد لە سووریا و ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنە کوردییەکان گوتی: پێش پرۆسەی تێکەڵبوونەوە مەرسوومێکی فەرمیمان دەرکرد بۆ داننان بە مافە زمانی و کولتوورییەکانی کورد؛ چونکە ئەمە ئەرکە لەسەرمان و مافێکی سەرەتاییە. دوای 100 ساڵ گەلی کورد بە سوپاسەوە بۆ ئارامگری و خۆڕاگرییان مافەکانیان بەدەستهێنا، و ڕێککەوتین کە لە ناوچەکانی کوردنشین پرۆسەی خوێندن بە زمانی کوردی بێت.
سەرۆکی سووریا ئاشکرای کرد کە بەڕێوەبردنی وڵات لەگەڵ کورد یەکدەخرێتەوە و ڕێگە بە هیچ جیاکارییەک لە نێوان پێکهاتەکاندا نادرێت، چونکە بە گوتەی ئەو: خەڵکی سووریا بەهۆی ڕژێمی پێشووەوە زۆر ئازاریان چەشت و ڕووبەڕووی ستەم بوونەوە، ئێستاش کار لەسەر داڕشتنەوەی چەندین یاسای بنەڕەتی و بنیاتنانەوەی هەموو سێکتەرەکان دەکەین.
لە تەوەرێکی دیکەی پانێڵەکەدا، شەرع سەرنجی خستە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و دۆسیەی بەرزاییەکانی جۆلان و ڕایگەیاند: جۆلان خاکی سووریایە و بە دەنگی زیاتر لە 137 دەوڵەت لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانی پێدانراوە؛ ئەگەر ڕێکخستنە ئەمنییەکان سەرکەوتوو بن، دەتوانین باسی ئاشتییەکی بەردەوام بکەین.
شەرع ئاشکرای کرد، چەندین گەڕی دانوستانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامداوە بە هاوکاریی دەوڵەتانی دۆست لەنێویاندا ئەمریکا و گوتی: لە دانوستانەکاندا گەیشتبووینە نزیکەی 90%ی ڕێککەوتن، بەڵام دواتر ئیسرائیل بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کشایەوە. هێرش و داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بەردەوامن، بەڵام ئێمە ڕێگەی دیپلۆماسیمان هەڵبژاردووە و بە مەرجی ڕاگرتنی داگیرکارییەکان، ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستانین لەگەڵ ئیسرائیل.
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی ناوخۆی سووریا، ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە کە حکوومەتەکەی لە هەوڵی ئەوەدایە سەرجەم چەکەکان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا کۆبکاتەوە و ڕایگەیاند: ئێمە لە سووریا خەریکی کۆکردنەوەی چەکین لە دەستی دەوڵەتدا و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بوونی هێزی بیانی لەسەر خاکی سووریا نادەین.
سەرۆکی سووریا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کرد، بەتایبەت دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک، و ئاشکرای کرد کە دیمەشق و بەغدا پێکەوە لە گفتوگۆدان بۆ تاوتوێکردنی پرسی هاوردەکردن و هەناردەکردنی نەوت و پەرەپێدانی ئابووریی نێوانیان.
ئەحمەد شەرع سەرنجی خستە سەر پرسی بوونی هێزە بیانییەکان لە سووریا و ڕایگەیاند: لە قۆناخێکی دیاریکراودا بەشێک لە وڵاتان بەهۆی نیگەرانییان لە ئاسایشی سنوورەکانیان بەشدار بوون، چونکە ناوچەکە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە لەنێو ئاگردا بوو، بەڵام ئێستا ئەو بنکە سەربازییانەی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا بوونیان هەیە، کەمتر و کەمتر بوونەتەوە.
سەرۆککۆماری سووریا باسی لە چارەسەری یاسایی بۆ ئەو دۆخە کرد و گوتی: ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین پێگەیەکی یاساییان بۆ دیاری بکەین؛ چونکە هەر بوونێکی سەربازیی بیانی دەبێت مەرجی یاسایی تێدابێت و لەلایەن ئەنجوومەنی گەلی سووریاوە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.
شەرع ئاشکرای کرد کە سووریا بەرەو قۆناخی نەمانی هێزی بیانی هەنگاو دەنێت و گوتی: پێموایە دەوڵەتی سووریا زۆر بەم زووانە هیچ پێویستییەکی بە مانەوەی هێزی سەربازیی بیانی نامێنێت، دەتوانین لە ڕێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و ڕێزگرتنی دوولایەنە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ و دۆستانی سووریا، پارێزگاری لە ئاسایشی وڵاتەکەمان بکەین.
نوێ دەکرێتەوە..