زێلێنسکی: ئامادەین هێرشەکانی سەر وزەی رووسیا رابگرین
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، ئۆکرانیا ئامادەیە هێرشەکانی بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی رووسیا رابگرێت، بە مەرجی ئەوەی مۆسکۆش پابەندی هەنگاوێکی هاوشێوە بێت و هێرش نەکاتە سەر سیستەمی وزەی وڵاتەکەی.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەوان ئامادەن بۆ هەر شێوازێکی ئاگربەست لە کەرتی وزەدا.
سەرۆکی ئۆکرانیا روونیکردەوە، دوای کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەردوو لا تاوتوێی رێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیایان کردووە پێش وەرزی زستان، زێلێنسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی و بەرهەمدارمان کردووە، ئەو جەختیکردەوە، ئەمریکا و ئۆکرانیا هەوڵ دەدەن کۆتایی بەو جەنگە بێهودەیەی رووسیا بهێنن و هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بنێن، بە ئامانجی رەخساندنی زەمینەی دیپلۆماسی.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان دووپاتیکردەوە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا سەبارەت بە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە قسەیان کردووە کە رووسیا لە دژی ئۆکرانیا هەڵیگیرساندووە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درەنگانی شەوی رابردوو رایگەیاند، مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە لە نیویۆرک لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆدەبێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئۆکرانیا دوێنێ سێشەممە رایانگەیاند، هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەی زێلێنسکی و ترەمپ، هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ناوچە پیشەسازییەکان و بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بووەتە هۆی کوژرانی 8 کەس، مۆسکۆ لە هاوینی ئەمساڵەوە هێرشە ئاسمانییەکانی چڕ کردووەتەوە و ئامانجە ئابوورییەکان وەک کۆمپانیاکان، بەندەرەکان و ناوەندەکانی لۆجستیکی کردووەتە ئامانج.
سێرگی کوریتسکی، سەرۆکوەزیرانی ئۆکرانیا لە رێگەی تێلیگرامەوە رایگەیاند، رووسیا بە ئەنقەست کۆمپانیاکان، کێڵگەکان، کۆگاکان، هێڵەکانی ئاسنین، دامەزراوەکانی وزە و باڵەخانە نیشتەجێییەکان دەکاتە ئامانج، سوپای ئۆکرانیاش رایگەیاند، پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ئوفا کە زیاتر لە 1,300 کیلۆمەتر لە سنووری ئۆکرانیاوە دوورە، هەروەها پاڵاوگەیەکی نەوتی لە ناوچەی سامارا لەسەر رووباری ڤۆڵگا بۆردومان کردووە.
پارێزگاری ناوچەی سامارا گوتی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی ئامانجێکی مەدەنییان پێکاوە، کە بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون، کۆمپانیای ئینتەرپایپ، گەورەترین بەرهەمهێنەری بۆری لە ئۆکرانیا، ئاشکرایکرد، هێرشێکی مووشەکیی رووسیا دامەزراوەیەکی سەر بە کۆمپانیاکەی لە دنیپرۆ کردووەتە ئامانج و 4 کەس کوژراون و 7 کەسی دیکەش بریندار بوون.