سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئەمانەی بەغدا دەرچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەکی دادوەری رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی کەرخ سزای لەسێدارەدانی بەسەر تاوانبار محەممەد عەبدولمەجید خەلەف تائی سەپاند. سزاکە بە تۆمەتی کوشتنی عەمید هیشام محەممەد تەلاع و مفەوەز خالید عەباس لفتە دەرکراوە، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمیدا لە ناوچەی دەورە لە باشووری بەغدا کرابوونە ئامانج.

رووداوەکە بۆ کۆتایی مانگی ئابی رابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک هێزێکی ئەمنی و تیمێکی خزمەتگوزاری لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێک بۆ لابردنی زیادەڕۆیی نیشتەجێبوون لە دەوروبەری ناوچەکانی دەورە، کەرادە و حی دیجلە لە باشووری بەغدا، رووبەڕووی تەقەی راستەوخۆ بوونەوە.

لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، عەمید هیشام محەممەد تەڵاع، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمیندارییەتی لە کەرخ لەگەڵ کارمەند خالید عەباس لفتە گیانیان لەدەست دا. هاوکات چوار کەسی دیکە بریندار بوون، کە ژمارەیەک کارمەندی ئەمنی و فەرمانبەرێکی ئەمیندارییەتی بەغدایان لەنێودابوو.

دوای دوو رۆژ لە رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان سەرکەوتوو بوون لە دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی ئەو پەلامارە.