ماستەرپلانی نوێی هەولێر رادەگەیەنرێت؛ هێڵێکی شەمەندەفەر و دوو شەقامی بازنەیی دروست دەکرێن

دیمەنێکی شاری هەولێر
دیمەنێکی شاری هەولێر

ماستەرپلانی نوێی شاری هەولێری تاوەکوو ساڵی 2050 رادەگەیەنرێت، تێیدا چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی وەک هێڵی شەمەندەفەر، شەقامی 200 مەتری، پارکێکی زەبەلاح و پشتێنەی سەوزایی جێبەجێ دەکرێن.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ماستەرپلانی شاری هەولێر بە فەرمی رابگەیەنرێت. ئەم ماستەرپلانە بە هاوکاریی تیمی رێکخراوی جایکای ژاپۆنی و وەزارەتی شارەوانی هەموار کراوەتەوە.

 پێشتر کاتی ماستەرپلانەکە لە ساڵی 2008 بۆ 2030 بوو، بەڵام ئێستا بۆ ساڵی 2050 درێژ کراوەتەوە. بەپێی پلانە نوێیەکە، ئەو شوێنانەی ئێستا ئاوەدانن وەک خۆیان دەمێننەوە و دەستکاری ناکرێن، بەڵام گۆڕانکاری لە ناوچە نوێیەکانی دەرەوەی شەقامی 150 مەتریدا کراوە. بۆ نموونە، ناوچەی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەران زیاد کراوە.

 بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران زۆربەی لە چوارچێوەی ماستەرپلانەکەدایە و دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر بۆ دهۆک و رێگەی پیرمام. لە هەمان کاتدا ناوچەی رۆژهەڵاتی هەولێر لە سنووری کەسنەزان وەک ناوچەی پارێزراوی ئاوی ژێرزەوی دەمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئاوی ناوەندی هەولێر و هیچ گەشەپێدانێکی تێدا ناکرێت. ناوچەکانی رێگەی کەرکووک بۆ مووسڵیش زیاتر دەبنە ناوچەی پیشەسازی.

لە رووی رێگەوبان و هاتوچۆوە، دوو شەقامی بازنەیی نوێ لە داهاتوودا دروست دەکرێن پانییەکەیان لە 100 مەتر کەمتر نییە. یەکێکیان شەقامێکی نوێی 150 مەترییە (جیاوازە لە شەقامی 150 مەتریی ئێستا) و ئەوی دیکەیان شەقامی 200 مەترییە. یەکێک لەم شەقامانە دەکەوێتە نێو پشتێنەی سەوزایی و ئەوی دیکەیان لە دەرەوەی دەبێت.

 ئەم دوو رێگە نوێیە تەنیا رێگەی خێرا نین بۆ ئۆتۆمبێل، بەڵکوو رێڕەوی پاسکیل، پیادەڕۆ و گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێلیان بۆ دیاری کراوە. تەنانەت رێڕەوی ئەسپسواریشی بۆ دادەنرێت، بەتایبەتی لەو شوێنانەی دەکەونە نێو پشتێنەی سەوزایی بۆ پاراستنی رەسەنایەتیی گوندەکان و ناسنامەی نەتەوەیی. هەروەها هێڵێکی گشتیی شەمەندەفەر لە هەولێر دروست دەکرێت و سەرجەم وێستگەکانیشیان ئامادە کردووە.

سەبارەت بە گەڕەکە نوێیەکانی داهاتووی هەولێر، خانووەکان یەک نەخشەسازی و یەک شێوازیان دەبێت. تەنانەت شوێنی تەنەکەی خۆڵ و بوتڵی غازیش دیاری کراوە و رەنگەکان دەبێت هاوئاهەنگ بن بۆ حەسانەوەی چاو و مێشک، هەروەها رووبەری خانووەکان نابێت لە 200 مەتر کەمتر بن.

لە رووی ژینگەییشەوە ماستەرپلانەکە گۆڕانکاریی گەورەی تێدایە، پارکێکی نوێ دروست دەکرێت کە رووبەرەکەی سێ هێندەی پارکی سامی عەبدولرەحمان دەبێت. هاوکات پشتێنەی سەوزاییش ئێستا لە قۆناخی دروستکردندایە و پانییەکەی دوو کیلۆمەترە، بە دەوری هەولێردا دروست دەکرێت بۆ پاککردنەوەی ژینگەی شارەکە و دابەزاندنی زیاتری پلەکانی گەرما.

شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی 2003ـەوە گەشەسەندنێکی خێرای ئابووری و دیمۆگرافیی بەخۆیەوە بینیوە. بەهۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و فراوانبوونی شارەکە، پێویستییەکی زۆر بە داڕشتنەوەی نەخشەی شارسازی و دابینکردنی ژێرخانێکی سەردەمیانە هەبوو. شاری هەولێر لە رووی ئەندازەیییەوە بە سیستمی شەقامە بازنەییەکانی ناسراوە، هەر لە شەقامی 30 مەترییەوە تاوەکوو شەقامی 150 مەتری خێرا کە لەم ساڵانەی دواییدا تەواو کرا، ئەمانەش بوونەتە هۆی ئاسانکارییەکی زۆر بۆ رێکخستنی هاتوچۆ.