كونسوڵی رووسیا: هەرێمی كوردستان هەمیشە جێگەی بایەخ بووە لە هاوكێشەكانی ناوچەكەدا
كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر، پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و وڵاتەكەی. هەروەها جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی كوردستان هەمیشە جێگەی بایەخ بووە لە هاوكێشەكانی عێراق و ناوچەكەدا.
رۆژی چوارشەممە 23ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە ماكسیم رۆبین، كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر كرد.
بە پێی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی، لەو کۆبوونەوەکەدا كونسوڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر، بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانیی كردبوو، هەروەها پێزانینی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی هەبوو لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و وڵاتەكەی.
هەروەها ئەزموونی كاركردنی خۆی لە هەرێمی كوردستان بە نموونەیی وەسف كرد و سوپاسی سەرۆك بارزانی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا هاوكار و یارمەتیدەری بوونە لەسەرخستنی كاركردنیدا.
ئەوەشی راگەیاند: هەرێمی كوردستان بۆ رووسیا پێگەی تایبەتی هەیە و هەمیشە جێگەی بایەخ بووە لە هاوكێشەكانی عێراق و ناوچەكەدا.
لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی رۆڵی كونسوڵی گشتیی رووسیای لە هەولێر كرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتیی دێرینی نێوان گەلی كوردستان و گەلی رووسیا و بەردەوامی و قووڵتركردنەوەی پەیوەندییەكان كرایەوە.
