ئەحمەد شەرع: جۆلان خاکی سووریایە و بڕیاری لکاندنی بە وڵاتێکی دیکە پووچەڵە
سەرۆککۆماری سووریا، جەختی کردەوە کە بەرزاییەکانی جۆلان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی سوریا دەمێنێتەوە و سەرجەم بڕیارەکانی ئیسرائیل بۆ لکاندنی پووچەڵ و بێبایەخن، هاوکات داوای کشانەوەی دەستبەجێی هێزەکانی ئیسرائیلی لە تەواوی خاکی وڵاتەکەی کرد.
چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، لە میانی گوتارێکیدا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە سەروەریی خاک و بووژانەوەی ناوخۆیی خستە روو و رایگەیاند: بەرزاییەکانی جۆلان بە خاکی سووریا دەمێنێتەوە و سەرجەم بڕیارەکانی لکاندنی، بە پێی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان، پووچەڵ و نایاسایین.
شەرع لە دەستپێکی گوتارەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: سووریا هەنگاونانی بەرەو قۆناخی بوژانەوە، چاکبوونەوە و راستبوونەوە دەستپێکردووە؛ سوپا یەکخرایەوە و چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا سنووردار کرا، هەروەها لەسەر بنەمایەکی سەروەریی تۆکمەوە دەستمان کردووە بە دروستکردنی پردی هەماهەنگی لەگەڵ جیهاندا.
لە رووی ئابووریشەوە رایگەیاند، کە تای تەرازووی بەرهەمهێنان لە وڵاتدا گەڕاوەتەوە و ئێستا زیاتر لە سێ هەزار هێڵی بەرهەمهێنان کەوتوونەتەوە کار.
سەبارەت بە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و پرسی بەرزاییەکانی جۆلان، سەرۆککۆماری سوریا جەختی کردەوە: "ئێمە پابەندین بە رێککەوتننامەی ساڵی 1974ـی تایبەت بە جیاکردنەوەی هێزەکان و داوا دەکەین ئیسرائیل لە تەواوی خاکە داگیرکراوەکانمان بکشێتەوە.
لە درێژەی گوتەکانیدا، شەرع رەخنەی توندی لە پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل گرت و ئاشکرای کرد: "ئیسرائیل لە دەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پەلاماری سووریا دەدات، بە شێوەیەک تا ئێستا نزیکەی 500 هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە و زیاتر لە هەزار و 200 جار سنووری خاکی وڵاتەکەمانی بەزاندووە".
سەرۆککۆماری سووریا بە توندی هەڵوێستی وڵاتەکەی دووپات کردەوە و گوتی: سووریا بە هەموو شێوەیەک ئەو هەوڵە بەردەوامانەی ئیسرائیل رەت دەکاتەوە کە ئامانجیان سەپاندنی ئەمری واقیعە لە ناوچەکەدا.