تورکیا: هێزەکانمان قۆناخ بە قۆناخ بنکەی زێلکان رادەستی حکوومەتی عێراق دەکەنەوە

ئەنقەرە و بەغدا گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی ستراتیژی لەسەر دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکان و پرۆسەی رادەستکردنەوەی بنکەی سەربازیی زێلکان بە عێراق، هاوکات رێککەوتن لەسەر جێبەجێکردنی دەستبەجێی رێککەوتننامە بازرگانییەکان و خێراکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی "رێگەی گەشەپێدان".

چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەنەراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە نیویۆرک کۆبوونەوەیەکی باڵایان ئەنجام داوە و ئیرادەی هاوبەشی هەردوو وڵاتیان لەسەر چەندین پرسی هەستیار و ستراتیژی خستووەتە روو.

بە پێی راگەیەنراوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی سەرجەم رەهەندەکانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوە؛ هەروەها هەردوولا هاوڕابوون لەسەر قووڵکردنەوە و برەودان بە هاوکارییەکان لە بواری ئەمنیدا.

لەم چوارچێوەیەشدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر سەپاندن و چەسپاندنی تەواوەتیی دەسەڵاتی دەوڵەت لە قەزای شنگال و، کۆتاییهێنان بە بوونی سەرجەم گرووپی چەکداری بیانییە قەدەخەکراوەکان لەو ناوچەیەدا.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە سایەی بەرەوپێشچوونی ئەم رێکارە ئەمنییانەی عێراق و لە چوارچێوەی میکانیزم و خشتەیەکی کاتی، هێزەکانی تورکیا بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ (پلەبەندی) بنکەی سەربازیی زێلکان لە شارەدێی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا دەکشێنەوە و رادەستی حکوومەتی عێراق دەکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوە هاوبەشەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر فراوانکردنی قەبارەی بازرگانیی دووقۆڵی و هاندانی وەبەرهێنان لە نێوان هەردوو وڵاتدا؛ هاوکات بڕیاریان دا بە جێبەجێکردنی دەستبەجێی سەرجەم ئەو رێککەوتننامانەی کە پێشتر واژۆ کراون و، خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییە هاوبەشەکان، کە لە سەرووی هەمووشیانەوە پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان" دێت.