ئەترووشی و فەیگن جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگیی بەغدا و واشنتن دەکەنەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کۆبووەوە؛ هەردوولا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، ئاسۆی هاوکاریی هاوبەش و پشتیوانیکردن لە سەقامگیریی عێراقیان تاوتوێ کرد.

چوارشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2026، فەرهاد ئەمین ئەترووشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێشوازیی لە ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد.

بە پێی راگەیەنراوی نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە دوایین پێشهات و گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکان کرا، هاوکات ئاسۆی هاوکارییە هاوبەشەکان و میکانیزمەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات خرانە بەرباس.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی هەماهەنگی و هاریکاری لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتی قووڵکردنەوەی هاوبەشی لە سێکتەرەکانی ئابووری و گەشەپێدان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەترووشی جەختی لە پەرۆشی و پێداگریی عێراق کردەوە بۆ بونیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزی بەرامبەر دامەزرابێت. 

هاوکات ستایشی پشتیوانییە بەردەوامەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق لە پێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری، بەردەوامیدان بە کاروانی ئاوەدانکردنەوە، بەدیهێنانی چاکسازیی یاسادانان و هێنانەدیی گەشەپێدانی بەردەوام.