ئیدارەی ترەمپ هەشت هەوڵی خۆکوشتنی هێزی دەریایی پشتڕاست دەکاتەوە

بەگوێرەی نامەیەکی هۆنگ تساو، کاربەڕێکەری وەزیری دەریایی ئەمریکا، کە سی ئێن ئێن دەستی کەوتووە، هەشت دەریاوانی سەر بە گرووپی هێرشبەری فڕۆکەهەڵگری ئەبراهام لینکن لەو ماوەیەی کەشتییەکان ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی ئێران بەڕێوە دەبرد، هەوڵی خۆکوشتنیان داوە. لەو ماوەیەدا فڕۆکەهەڵگرەکە ژمارەیەکی پێوانەیی مانەوەی لە دەریا تۆمار کردووە.

تساو ئەم ژمارەیەی کە پێشتر ئاشکرا نەکرابوو، لە وەڵامە نووسراوەکانیدا بۆ ئەو پرسیارانەی کیرستن جیلیبراند، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران سەبارەت بە باری دەروونیی تیمی فڕۆکەهەڵگرەکە روونیکردەوە. ئەم ئامارە دەریاوانی چەندین کەشتی دەگرێتەوە کە بەیەکەوە لەو گەشتەدا بوون، لەنێویاندا فڕۆکەهەڵگرەکە.

تساو لە نامەکەیدا جەختیکردەوە، هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان بە خۆکوشتن لەنێو ئەندامانی خزمەتگوزاری لەو ماوەیەدا رووی نەداوە.

رێژەی هەوڵەکانی خۆکوشتن لەنێو دەریاوانانی گرووپی هێرشبەری لینکن، بە نزیکەیی لەگەڵ ئەو رێژەیە یەکیگرتووەتەوە کە لە سەرجەم هێزی دەریایی ئەمریکا لە ساڵی 2024 تۆمار کراوە، کە ئەمە دوایین ساڵە پێنتاگۆن داتاکانی خۆکوشتنی تێدا بڵاوکردووەتەوە. لەو ساڵەدا هێزی دەریایی 356 هەوڵی خۆکوشتنی لەنێو نزیکەی 337 هەزار دەریاوان لە خزمەتی چالاکدا تۆمار کردووە.

تساو لە نامەیەکدا کە سێشەممەی رابردوو بۆ جیلیبراند، ئەندامی دیموکراتی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیران ناردوویەتی، رایگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی گرووپی لینکن، بە گشتی هەشت هەوڵی خۆکوشتن تۆمار کراوە.

تساو روونیکردەوە، ئەم ژمارەیە تیمی لینکن، دەریاوانانی باڵی ئاسمانی فڕۆکەهەڵگرەکە، تیمی فەرماندەیی گرووپی هێرشبەر، فەرماندەیی کەشتییە جەنگییەکان، تیمی کەشتییە جەنگییە یاوەرەکان و سەرجەم فەرماندەییەکانی ئاسمانیی سەر کەشتییەکانی گرتووەتەوە.

نێوان 6 بۆ 7 هەزار دەریاوان لە هەڵمەتی گرووپی هێرشبەری لینکن بەسەر نزیکەی شەش کەشتیدا بەشدارییان کردووە و فڕۆکەهەڵگرەکە بۆ زیاتر لە شەش مانگ لە بەندەرەکان دوور بووە، هاوکات ئۆپەراسیۆنی سەربازیی چڕی دژی ئێران بەڕێوە بردووە.