مستەفا سەرای بۆ کوردستان24: کشانەوەی هێزە بیانییەکان سەروەری بۆ عێراق دەستەبەر ناکات
لە کاتێکدا گفتوگۆکان بەردەوامن لەسەر کشانەوە و رێکخستنەوەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، شرۆڤەکارێکی سیاسی ئاشکرای دەکات کە بەکارهێنانی چەمکی "رۆژی سەروەری" بۆ کشانەوەی ئەم هێزانە هەڵەیەکی میتۆدیی و دەستوورییە، چونکە بە ئاگاداری و داواکاریی فەرمیی دەوڵەتی عێراق لە وڵاتەکەدا بوون.
پرسی کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە 30 ئەیلوولی 2026 و رادەستکردنەوەی ئەرکە ئەمنییەکان بووەتە رۆژەڤی سەرەکیی ناوەندە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. لەمبارەیەوە مستەفا سەرای، توێژەر و راوێژکاری سیاسی بە کوردستان24ی رایگەیاند: "حکوومەتی عێراق خۆی بە شێوەیەکی فەرمی و بە داواکاریی خۆی داوای هاوکاریی لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کردووە؛ ناوبردنی کشانەوە یان رێکخستنەوەی ئەرکی ئەم هێزانە وەک 'سەروەری' کەموکوڕیی میتۆدیی تێدایە، چونکە بەپێی دانپێدانانی دەوڵەت، ئەم هێزانە هیچ کات هێزی داگیرکەر نەبوون."
مستەفا سەرای جەخت لەوەش دەکاتەوە کە کشانەوەی هێزە سەربازییەکان بە تەواوەتی مانای بەدیهاتنی سەروەری ناکات، چونکە سەروەری چەمکێکی گشتگیرە و لە رەهەندێکی سەربازیدا کورتناکرێتەوە؛ بەڵکو سەروەریی ئابووری، سیاسی، ئاسمانی و سەروەری لە بڕیاردان لەخۆدەگرێت کە تەنیا لە رێگەی دەوڵەتێکی بەهێز و جێبەجێکردنی دەستوورەوە بەدی دێت.
سەبارەت بە رەوشی ئاسایشی دوای کشانەوەی هێزەکان، ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، رەوشی ئەمنیی عێراق و هەرێمی کوردستان هێشتا رووبەڕووی مەترسیی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە؛ لەوانە هەڕەشەکانی داعش و کەمیی ژێرخانی هەواڵگری و بەرگریی ئاسمانی، بۆیە ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی تەواوی خاکی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، وەک پێویستییەکی گرنگ دەمێنێتەوە.
بەپێی رێککەوتننامەی سۆفا (SOFA) لە 30ی حوزەیرانی 2009دا، هێزەکانی ئەمریکا لە شار و شارۆچکەکانی عێراق کشانەوە و حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ئەو رۆژەی وەک "رۆژی سەروەری" راگەیاند. ئێستاش کە گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانان بەردەوامن، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە پاراستنی سەروەریی راستەقینە پێویستی بە جێبەجێکردنی دەستوور، رێزگرتن لە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سەقامگیریی ئابووریی وڵات هەیە.