سکاڵایەکی یاسایی لە فەرەنسا دژی سوپای ئیسرائیل تۆمار دەکرێت
بازرگانێکی فەرەنسی بە رەچەڵەک لوبنانی، سکاڵایەکی یاسایی دژی سوپای ئیسرائیل تۆمار کرد و تێیدا سوپاکەی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و لە رەگ دەرکردنی 600 دار زەیتوونی تەمەن درێژ لە زەوییەکی خێزانەکەی لە باشووری لوبنان تۆمەتبار کرد.
پێنجشەممە، هاووڵاتییانی عەدیسە لە ناوچەی نەبەتییە لەژێر پاراستنی هێزی کاتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان "یونیفیل"، دەستیان بە لێکردنەوەی بەرهەمی زەیتوون کرد.
سکاڵاکار، کە تەمەنی 37 ساڵە، رایگەیاند تەمەنی هەندێک لەو دارانەی لە زەوییەکەیان لە زۆتەری رۆژهەڵات، کە شوێنی لەدایکبوونیەتی، دەگاتە 500 ساڵ. ئەو روونیکردەوە کە خێزانەکەی 250 ساڵە سەرقاڵی پەروەردەکردنی ئەو زەوییەن.
بەگوێرەی سکاڵا مەدەنییەکە، دزیکردن و تێکدان و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵ بە تاوانی جەنگ دادەنێت، دارەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە رەگەوە هەڵکێشراون.
سکاڵاکار، لە سکاڵاکەیدا جەختی کردەوە نە ئەندامی حزبوڵڵایە و نە هاوسۆزی ئەو لایەنەیە، گومانی خۆی لەبارەی گواستنەوەی دارەکان بۆ ئیسرائیل دەربڕی. هەروەها لە سکاڵاکەدا ئاماژە بەوە دراوە، هیچ بەڵگەیەک نییە نیشانی بدات حزبوڵڵا ماڵەکە یان زەوییە کشتوکاڵییەکان، وەک پێگەی سەربازی بەکاری هێنابێت.
بازرگانەکە، کە لە بواری دیجیتاڵیدا کار دەکات، گوتی: ماڵی خێزانەکەمان لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا بە تەواوی خاپوور کراوە، ئەوەش چەند کاتژمێرێک بەر لە راگەیاندنی ئاگربەست لە باشووری لوبنان لە نیسانی 2026.
بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەو، سوپای ئیسرائیل چەند هەفتەیەک دوای واژۆکردنی رێککەوتنی چوارچێوەیی لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە کۆتایی حوزەیراندا، کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەی کردووە و پاشان دارە زەیتوونەکانی هەڵکێشاوە.
سکاڵاکە تێکدان و هەڵکێشانی دارە زەیتوونەکان بە بەڵگەی تاوانەکانی جەنگ دادەنێت کە ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کردوونی و لەم رووەوە پشت بە راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەبەستێت.
پارێزەرانی سکاڵاکار، ڤینسەنت برینگار، ویلیام بۆردۆن و نیکۆلا بۆسان رایانگەیاند: بە بڕوای ئێمە ئەو رووداوانە لە چوارچێوەیەکی فراوانتری پاکتاوکردنی رەگەزی و تێکدانی چەندین گوند لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری لوبنان روویانداوە. ئەوان ئەوەشیان خستە روو، کڕیارەکەیان چاوەڕوانە دادگای فەرەنسی هەموو توانایەکی خۆی بۆ دەستنیشانکردنی ناسنامەی بەرپرسان و دادگاییکردنیان بەکاربهێنێت.
پێشتریش لە پاریس چەند سکاڵایەکی دیکە دژی سوپای ئیسرائیل لەسەر بنەمای ئەو رەفتارانەی لە لوبنان کردوونی تۆمار کراون. لەوانە سکاڵایەک کە هونەرمەندی فەرەنسی-لوبنانی عەلی شەرعی پێشکەشی کردووە، دوای ئەوەی دایک و باوکی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە بەیرووت لە مانگی نیسان کوژران. هاوکات سکاڵایەکی دیکە لە مانگی تەممووز لەلایەن هاووڵاتییەکی فەرەنسی-لوبنانییەوە تۆمار کراوە کە دایک و خوشک و دوو منداڵی خوشکەکەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لەدەست داوە.