بوومەلەرزەیەک باکووری کوردستانی هەژاند
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلولی 2026، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.4 پلەی رێختەر ناوچەکانی باکووری کوردستانی هەژاند. ناوەندی بوومەلەرزەکە رحا بووە و لە دیاربەکر، غازی عەنتاب و مالاتیاش هەستی پێکراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەزگای (AFAD) بڵاویکردووەتەوە، بوومەلەرزەکە بە گوڕی 5.4 پلە بە پێوەری رێختەر، قەزای کاراکۆپروی لە پارێزگای رحا هەژاند، لێکۆڵینەوەکانی AFAD دەرخستووە، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 7.39 کیلۆمەتر روویداوە.
بوومەلەرزەکە جگە لە سەنتەری رحا، لە پارێزگاکانی دیار بەکر، ماردین، سەرت، شڕناخ، باتمان، غازی ئەنتاپ و مەڵاتیەش هەستی پێکراوە. لە دوای رووداوەکە، دانیشتووانی ناوچەکە بەهۆی دڵەڕاوکێوە روویان لە شەقام و پارکەکان کردووە.
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، تیمەکانی AFAD و بەرپرسانی ئیداری بۆ بەدواداچوونی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکە دەستیان بە پشکنینی مەیدانی کردووە.
چیفتچی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی، تیمە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ دەستیان بە پشکنینی مەیدانی کردووە و چاودێری رەوشەکە دەکەین.
مورات کوروم، وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوا، لە بارەی دۆخی مەیدانییەوە رایگەیاند، تا ئەم ساتە هیچ رووداوێکی نەخوازراو لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا تۆمار نەکراوە.
کوروم گوتی، تیمەکانی سەر بە وەزارەتەکەمان دەستیان بە کارەکانیان کردووە. هەموو ئاگادارییەک بەهەند وەردەگرین و بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەین.
حەسەن شڵداک، پارێزگاری رحا، سەبارەت بە ئەنجامی سەرەتایی پشکنینەکان گوتی "بەپێی یەکەم پشکنینی مەیدانی، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان یان رووخانی باڵەخانە تۆمار نەکراوە. کارەکانی پشکنینی مەیدانی بەردەوامن."
بەرێوەبەرایەتی (AFAD) لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا جەختیکردەوە، لەدوای بوومەلەرزەکە کە کاتژمێر 10:40 خولەک روویدا، هیچ حاڵەتێکی نەرێنی بوونی نییە.