رۆیتەرز: ئەمریکا و ئێران تاوتوێی نەخشەڕێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکەن
"واشنتن و تاران نایانەوێت بێ گەرەنتی دەستبەرداری کارتەکانی هێزی خۆیان بن"
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرای کرد، کە دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران لە شاری نیویۆرک سەرقاڵی تاوتوێکردنی نەخشەڕێگەیەکن بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ، کە چوارچێوەکەی بریتییە لە کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن تارانەوە لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران لەلایەن واشنتنەوە.
پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران. لە شاری نیویۆرک لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوە و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگ.
بە پێی زانیاریی سەرچاوەکان، ئەم نەخشەڕێگە قۆناخ بە قۆناخە لە بنەڕەتدا خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە تاران گەرووی هورمز بە رووی کەشتییەکاندا بکاتەوە و، لە بەرانبەریشدا واشنتن گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.
هاوکات سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە سەرەڕای ئەم گفتوگۆیانە، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران رووبەڕووی لەمپەر و بەربەستێکی گەورە بوونەتەوە، بەو پێیەی تا ئێستا هیچ کام لە دوو لایەنەکە ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە دەستپێشخەری بنوێنن بۆ دەستبەرداربوون لەو کارتە گوشارانەی لە دژی یەکتر بەکاریان دەهێنن.
سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو، شاندێکی ئەمریکا بە بەشداریی جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف، کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێرییان لەگەڵ شاندی ئێرانی لە نیویۆرک ئەنجام داوە.
ترەمپ کۆبوونەوەکەی بە زۆر باش و بەرهەمدار وەسف کردبوو و گوتوبووی: کۆبوونەوەیەکی دیکەش لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دیاریکراوە؛ ناتوانم وێنای بکەم بۆچی دەبێت ئێران رێککەوتن نەکات، چونکە ئەوان لەبەردەم دوو بژاردەی دیاریکراودان: یان گەورەیی و پێشکەوتنی وڵاتەکەیان لە رێگەی رێککەوتنەوە، یان لەناوچوونی تەواوەتی.
لە لایەکی دیکەوە میدیای فەرمیی ئێران، دووپاتی کردبووەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا کۆبووەتەوە
هەر دوێنێ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی (NBC)ی راگەیاندبوو، ترەمپ ئامادەیە راستەوخۆ لە نیویۆرک لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆببێتەوە، چونکە باوەڕی وایە گفتوگۆکردن بۆ چارەسەری کێشەکان گرنگە، بەڵام تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دیدارێکی لەو شێوەیە دیاری نەکراوە.