پووتین: ئامادە بووین دانوستان لەگەڵ کیێڤ بکەین بەڵام هێرشیان کرد
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی دوای هەڵبژاردنەکان ئامادەی دەستپێکردنەوەی دانوستان بوو لەگەڵ ئۆکراینا، بەڵام کیێڤ بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی دەنگدان و مۆسکۆ پرۆسەکەی پەکخست. هاوکات ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە نیازی رووسیا بۆ جەنگ لەگەڵ ئەوروپا دەکەن و جەختی کردەوە سەرجەم پێشنیازەکانی ئاشتی لەسەر مێزن بە مەرجێک بەرژەوەندییەکانی مۆسکۆ بپارێزن.
هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە لێدوانێکدا سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی دانوستان و هۆکاری بەردەوامیی گرژییەکان و رایگەیاند، مۆسکۆ نیازی هەبوو لە دوای هەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ کیێڤ بکاتەوە، بەڵام ئۆکرانیا هەوڵی دا هێرش بکاتە سەر شاری مۆسکۆ و بنکەکانی دەنگدانی کردە ئامانج، ئەمەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کرد.
پووتین هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سەرکردایەتیی ئۆکرانیا کرد و گوتی: "پێویستە کیێڤ باجی ئەو هێرشانە بچێژێت کە دەیکاتە سەر ژێرخانی رووسیا و وەڵامەکەمان بە روونی هەست پێبکات؛ دەبێت تێبگەن کە دەستپێشخەری بۆ ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و پەرەپێدانی شەڕ هیچ سوودێکی بۆ ئەوان نابێت."
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا، سەرۆکی رووسیا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە فراوانبوونی جەنگ بەرەو وڵاتانی ئەوروپا دەکەن و جەختی کردەوە، رووسیا بە هیچ شێوەیەک خۆی بۆ شەڕکردن لە دژی ئەوروپا ئامادە ناکات؛ هیچ هۆکار، پاڵنەر و بنەمایەک بۆ کارێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە.
لە هەمان کاتدا پووتین رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا گرت و ئاماژەی بەوە کرد: "هەندێک بازنەی شەڕخواز لە نێو ئەوروپادا دەیانەوێت خەڵکی ئۆکرانیا وەک سووتەمەنیی جەنگ بەکاربهێنن، تەنیا لە پێناو ئەوەی رێگری لە گەشەکردن و بەهێزبوونی رووسیا بگرن."
سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، سەرۆکی رووسیا دووپاتی کردەوە، سەرجەم دەستپێشخەری و پێشنیازەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتییانە "لەسەر مێزی گفتوگۆن"، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ پێش هەموو شتێک بە وردی تاوتوێی ئەو خاڵانە دەکات کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانی و باڵاکانی رووسیا دەگەیەنن.
هەر ئەمڕۆ هەینی، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، کیریل دمیتریێڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی رووسیا، ئێستا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و زنجیرەیەک گفتوگۆی لەگەڵ دانوستانکارانی ئەمریکیدا ئەنجام داوە کە سەرنجی خستووەتە سەر ئاسۆی هاوکارییە ئابوورییەکان. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا وردەکاریی زیاتر لەبارەی وادە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە سێقۆڵییەکە لەبەردەستدا نییە.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، نێردەکەی رووسیا رۆژی 24ـی ئەیلوول لەگەڵ هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر، نوێنەرانی ئەمریکی کۆبووەتەوە.
پێشتریش ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا باسی لەم کۆبوونەوەیە کردبوو و رایگەیاندبوو، دیدارەکە لەسەر "ئاستی تەکنیکی" دەبێت و ئەگەری زۆرە لە وڵاتی ئیمارات ساز بکرێت.