راپۆرتێک: ئیمارات پێش 7ـی ئۆکتۆبەر ناتانیاهۆی لە هێرشی حەماس ئاگادار کردبووەوە
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا ئاشکرای کرد کە شێخ محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات، چەند رۆژێک پێش هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، بە تەلەفۆن هۆشدارییەکی نهێنیی دابووە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە پلانی حەماس بۆ هێرشێکی گەورە، بەڵام ئەو زانیارییەکانی لە سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتەکەی شاردووەتەوە تا پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە لەبار نەچێت.
هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار و پێنج بەرپرسی باڵای پێشووی ئیسرائیلەوە وەریگرتووە، محەمەد بن زاید لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولی 2023 پەیوەندیی بە ناتانیاهۆەوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە حەماس خۆی بۆ هێرشێکی گەورە ئامادە دەکات.
سەرەڕای ئەم هۆشدارییە هەستیارە، بەڵگەنامە و کورتەی کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی باڵا لە 1ی تشرینی یەکەمی 2023 (واتە تەنیا شەش رۆژ پێش هێرشەکە) دەریخستووە کە ناتانیاهۆ لەگەڵ سەرکردە ئەمنییەکانی ئیسرائیل دانیشتووە و هیچ ئاماژەیەکی بە هۆشدارییەکەی سەرۆکی ئیمارات نەداوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا، ناتانیاهۆ دژی لێدانی سەرکردەکانی حەماس لە غەززە وەستاوەتەوە و داوای کردووە هێمنی بپارێزرێت، بە پاساوی ئەوەی هەر ئاڵۆزییەک لە کەرتی غەززە رێککەوتنی مێژوویی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعوودیە پەکدەخات، کە بە بڕوای ئەو زۆر نزیک بوو.
هەرچەندە ناتانیاهۆ دوای راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەی "هاوارتز" دەستبەجێ ئەو هەواڵەی رەتکردەوە و رایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکی لەو شێوەیەی پێنەگەیشتووە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن سەرۆکی ئیمارات چەند مانگێک دوای 7ی ئۆکتۆبەر، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، باسی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە کردووە و جەختی کردووەتەوە پێشوەختە ناتانیاهۆی لە مەترسییەکانی حەماس ئاگادار کردووەتەوە. هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیلی ئاشکرایان کردووە ئەو هۆشدارییە لە هیچ یەکێک لە لێکۆڵینەوە فەرمییەکانی نێوخۆی دەزگا ئەمنییەکاندا تۆمار نەکراوە.
ئەم ئاشکراکردنە نوێیە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی ئیسرائیلی لە مانگی داهاتوودا بە تەواوی ئاڵۆز کردووە، کە تێیدا ناتانیاهۆ بۆ مانەوە لە دەسەڵات بۆ خولی حەوتەم دەجەنگێت. نەیارانی ناتانیاهۆ دەڵێن ئەم بەڵگانە گومان دەخەنە سەر هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران بۆ خستنەئەستۆی هەموو بەرپرسیارێتیی شکستی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر شانی سوپا و دەزگای هەواڵگری، و ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو بە ئەنقەست رێگری لە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی دەکات تا راستییەکان لە خەڵک بشارێتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم هۆشدارییە تەواوکەری زنجیرەیەک هەڵەی هەواڵگریی گەورەی ئیسرائیل بوو؛ لەوانە بەدەستهێنانی پلانی سەربازیی حەماس لە ساڵی 2022 لە ژێر ناوی "دیواری یەریحا" کە سوپای ئیسرائیل بە شتێکی خەیاڵی و ناواقیعی دانا، هاوکات لەگەڵ ئەو باوەڕە باوەی کە پێیان وابوو یەحیا سینوار توانای جەنگی نییە و زیاتر گرنگی بە حوکمڕانیی کەرتی غەززە دەدات.
تەندروستیی غەززە: بەهۆی پێشێلکردنی ئاگربەستەوە ژمارەی کوژراوان گەیشتە نزیکەی 74 هەزار کەس
وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاند, نەخۆشخانەکانی نێو کەرتی غەززە لە شەو و ڕۆژێکدا تەرمی پێنج کوژراو و 35 برینداریان وەرگرتووە; بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتەکە، تەنیا لە دوای دەستپێکردنی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 بەدواوە، هەزار و 408 هاووڵاتی فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و 4 هەزار و 916 کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کۆی ژمارەی برینداران لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە لە تشرینی یەکەمی 2023 گەیشتووەتە 175 هەزار و 30 کەس، کە زۆرینەی هەرە زۆری قوربانییەکان ژن و منداڵن؛ هاوکات 73 هەزار و 928 کەس کوژراو
جگە لە زیانە گیانییە قورسەکان، وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی وێرانبوونی نزیکەی 90%ی ژێرخانی مەدەنی لە سەرتاسەری کەرتی غەززە.
هاوکات ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین هەڵسەنگاندنیدا ڕایگەیاندووە کە تێچووی ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانە وێرانبووەکانی کەرتی غەززە پێویستی بە نزیکەی 70 ملیار دۆلاری ئەمریکی هەیە.