واشنتن پۆست: هێشتا سعوودیە دەستبەرداری بژاردەی چەکی ئەتۆمی نەبووە
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکانی هەواڵگریی ئەمریکا بۆ کۆنگرێس، سعوودیە هێشتا بژاردەی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی بەتەواوی رەتنەکردووەتەوە؛ ئەمەش نیگەرانیی توندی کۆنگرێسمانەکانی لێکەوتووەتەوە سەبارەت بە رێککەوتنە ئەتۆمییە نوێیەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ریاز، کە دەکرێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی پێشبڕکێیەکی مەترسیداری چەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەینی 25ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیاریی چەند بەرپرسێکی ئەمریکی کە بۆ واشنتن پۆست قسەیان کردووە، هەڵسەنگاندنە نهێنییەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ یارمەتیدانی سعوودیە لە پێشخستنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی مەدەنی بە بەهای دەیان ملیار دۆلار؛ بەڵام خاڵی جێی ناکۆکی ئەوەیە کە بەپێی رێککەوتنەکە، رێگە بە ریاز دەدرێت پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی نزیکەی 20% لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا ئەنجام بدات؛ ئاستێک کە لە رووی تەکنیکییەوە زۆر بە خێرایی دەتوانرێت بەرز بکرێتەوە بۆ پلەی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی.
ئەم دۆسیەیە شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی لە کۆنگرێسی ئەمریکا دروستکردووە، بەتایبەت لەلایەن دیموکراتەکانەوە. لە نامەیەکدا بۆ مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سیناتۆرە دیموکراتەکان، بە سەرۆکایەتیی ئێد مارکی و جێف مێرکلی، هۆشدارییان داوە لەوەی کە ئیدارەی ترەمپ سازشی بۆ داواکارییەکانی سعوودیە کردووە و دەرگای بۆ ڕیاز واڵا کردووە تا توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت.
یەکێکی تر لە نیگەرانییە گەورەکان ئەوەیە کە لە رێککەوتنەکەدا مەرجی پابەندبوون بە پڕۆتۆکۆڵی زیادەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) نەچەسپێنراوە؛ مەرجێک کە رێگە بە پشکنەران دەدات پشکنینی لەناکاو بۆ سەرجەم وێستگە راگەیەندراو و نەبینراوەکان بکەن. کۆمەڵێک لە شارەزایانی داماڵینی چەکی ناوەکی، لە نێویاندا هانس بلیکس، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، هۆشدارییان داوە لەوەی بەبێ ئەو پڕۆتۆکۆڵە ناتوانرێت رێگری لە پەرەپێدانی نهێنیی چەکی ئەتۆمی لە سعوودیە بکرێت.
ترس لە پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران
نیگەرانییەکان زیاتر لەوەوە سەرچاوە دەگرن کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە لە ساڵی 2018 بە روونی ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات، بێ دوودڵی ئێمەش بە زووترین کات هەمان هەنگاو دەنێین." کۆنگرێسمانەکان دەڵێن، لە کاتێکدا گرژییەکان لەگەڵ تاران بەردەوامە، پێدانی ئەم دەسەڵاتە بە سعوودیە دەبێتە هۆی گەرمکردنی پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە پێشتریش جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بە تەواوی ئاشتییانەیە، و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاندووە واشنتن پشتیوانی لە چەکی ئەتۆمی بۆ سعوودیە ناکات و هەوڵدەدات بەهێزترین پێوەرەکانی سەلامەتی بپارێزێت.
هاوکات، رێککەوتنەکە رووبەڕووی بەربەستێکی سیاسیی گەورەش بووەتەوە، چونکە ئیدارەی ترەمپ مەرجی داناوە کە سعوودیە دەبێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە بۆ تێپەڕاندنی رێککەوتنەکە، لە کاتێکدا ریاز تا ئێستا سوورە لەسەر ئەوەی بەبێ دەستەبەرکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان، ئامادە نییە ئەو هەنگاوە بنێت.