ترەمپ پێشنیازە نوێیەکەی ئێرانی رەتکردەوە
دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی تارانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی 7 رۆژە و کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرامبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان رەت کردەوە و چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکانی دوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی تارانی بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی 7 رۆژە رەت کردەوە. ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا بە یاریدەدەرانی گوتووە، چاوەڕوان دەکات دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول لە تشرینی دووەم، بۆردومانکردنی ئێران دەست پێ بکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جورناڵ، پێشنیازەکەی تاران داوای دەکرد لە بەرامبەر هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمریکا خستوویەتیە سەر بەندەرەکانی ئێران، گەرووی هورمز بکرێتەوە و دانوستانە ناوکییەکان دەست پێ بکەنەوە. گەمارۆکانی ئەمریکا زیانی گەورەیان بە ئابووریی وڵاتەکە گەیاندووە.
ترەمپ بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکات تاران دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول، داوای رێککەوتن دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ناوکییەکەی. بەرپرسانی ئەمریکی بە هەمان رۆژنامەیان گوتووە، ترەمپ لە دانیشتنە داخراوەکاندا گومانی هەیە ئێران داواکارییەکانی جێبەجێ بکات و بە تیمی خۆی راگەیاندووە، هێرشی ئاسمانی ئەگەرێکی کراوەیە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، هەڵوێستی ئێستای ترەمپ ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆخی نێوان شەڕ و ئاشتی بەرەو کردەوەی دوژمنکارانە دەچێت. رۆژنامەکە جەخت دەکاتەوە سەرۆکی ئەمریکا کە لە سەرەتای ئەم پێکدادانەی 7 مانگی رابردوو، بەردەوام بانگەشەی سەرکەوتنی کردووە، ئێستا لەنێوان هەوڵدان بۆ دیپلۆماسی، فەرمانکردن بۆ هێرشی ئاسمانی و تووندکردنی سزاکان بۆ سەر ئێراندا، خۆی دەبینێتەوە.
بەرپرسان بە رۆژنامەکەیان گوتووە، هەڵوێستەکانی ترەمپ لەگەڵ بەردەوامیی پێکدادانەکە لە هەفتەکانی داهاتوودا دەگۆڕێن و رەنگە بە ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خولیش کاریگەر بێت. ئاستی ئەو هێرشانەی ترەمپ بیر لە ئەنجامدانیان دەکاتەوە دیاری نەکراوە، چونکە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ترەمپ لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دوودڵە، ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ خواستی ئەمریکا لە پاراستنی جبەخانەی چەک و تەقەمەنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرە لەناکاوەکان.
ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو هێرشی بەرفراوان دەکات بۆ شکاندنی بنبەستی دیپلۆماسی لە دانوستانەکاندا. سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار هەڕەشەکانی جێبەجێ کردووە، بەڵام هەمیشە لەو هەڕەشانەی دیکە کە تووندتر بوون، پاشگەز بووەتەوە، لەنێویاندا هەڕەشەی لەناوبردنی تەواوی شارستانییەتی ئێران.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی راگەیاند، واشنتن و تاران هێشتا لە رێگەی نێوەندگیرییەوە دانوستان دەکەن، لەنێویاندا سەبارەت بە دۆسیەی ناوکی. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، ئەو هەوڵانەی ئەمریکا بۆ مسۆگەرکردنی تێپەڕبوونی نەوتهەڵگرەکان بە گەرووی هورمزدا بەڕێوەی دەبات، سەرەڕای هەڕەشەکانی ئێران، پێویستیی بەپەلە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کەم کردووەتەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، قەتەر و نێوەندگیرانی دیکەی ناوچەکە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کار بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن. سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ئێران سێشەممەی رابردوو لە کۆبوونەوەیەکدا لە قەتەر، بیرۆکەی ئاگربەستێکی 7 رۆژەی خستووەتە روو کە رەنگە رێگە بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە ئێرانییەکان بۆ سەر کەشتیوانیی دەریایی خۆش بکات.
ئەو پێشنیازە دەقی ئەوەیە ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکە هەڵبگرێت، بەشێک لە سەرمایە بەستەڵەکبووەکانی ئێران ئازاد بکات و سزا ئابوورییەکانی سەر هەناردەی نەوتی ئێران هەڵبگرێت، لە بەرامبەردا ئێران گەرووی هورمز بکاتەوە و دەست بە دانوستان بکات سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکەی.
بەرپرسانی ئاگادار رایانگەیاند، ئەمریکا بە ئێران و نێوەندگیرانی راگەیاندووە کە ترەمپ نیازی نییە گەمارۆ دەریاییەکە هەڵبگرێت. واشنتن پێی وایە گوشارە ئابوورییەکان لە کۆتاییدا تاران ناچار دەکات واژۆ لەسەر رێککەوتنێک بکات کە بە مەرجەکانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبیی کەنداو بێت.
دوێنێ هەینی، 25ی ئەیلوولی 2025، میدیاکانی ئەمریکا رایانگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆڕکە، مەرجەکانی وڵاتەکەی رادەستی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کردووە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کە لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کارەکانی پەککەوتووە.
عێراقچی لە لێدوانێکدا بۆ چەند پێگەیەک، لەنێویاندا رۆژنامەکانی "نیویۆرک تایمز" و "گاردیان" رایگەیاند، لە حاڵەتی جێبەجێکردنی مەرجە دیاریکراوەکاندا، لە ماوەی 7 رۆژدا گەرووەکە دەکرێتەوە و دانوستانەکان دەستپێدەکەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز لە سەرچاوە ئێرانییەکانەوە، مەرجەکانی ئێران بریتین لە:
- راگرتنی تەواوی جموجۆڵە چەکدارییەکان بۆ ماوەی 7 رۆژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە لوبنانیشەوە.
- ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران کە بە لانی کەمەوە 12 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
- هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوتی ئێران.
- کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی وەڵامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان و روونیشی کردەوە چین، کە سەرۆکەکەی لە سەردانێکی فەرمیدایە بۆ ئەمریکا، پشتیوانی لەم پێشنیازەی ئێران دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، حوسێن موحبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوە کرد، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەنیش یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران.