بنعەلی یڵدرم: کورد و تورک بەپێی دەستوور لە تەواوی مافەکاندا یەکسانن

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، کورد و تورک بەپێی دەستوور لە هەموو مافێکدا هاوبەش و یەکسانن و ئەنقەرە کێشەی لەگەڵ گەلی کورددا نییە، بەڵکو تەنیا لەگەڵ توندوتیژیدایە. هاوکات ئاشکرای کرد، پەکەکە لە بێسوودیی شەڕی چەکداری تێگەیشتووە و بەرەو قۆناخی چەکدانان هەنگاو دەنێت.

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، بنعەلی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا لە لێدوانەکانیدا بۆ "کوردستان24"، سەرنجی خستە سەر پرسی کورد لە تورکیا و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو نەتەوە، و جەختی کردەوە، "کورد دروستکراوی خودان و لە ماف و هاووڵاتیبووندا بە تەواوی لەگەڵ تورکەکان یەکسانن؛ لە کاتی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە ئێمە پێکەوەین و هیچ لایەنێک مافی لەوەی دیکە زیاتر نییە. لە مێژووی ئەم دەوڵەتەشدا کەسایەتییە کوردەکان گەیشتوونەتە بەرزترین پۆستەکانی وەک سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتەکان، بۆیە ئێمە دژی هیچ جیاکارییەکی نەتەوەیین."

سەبارەت بە دۆسیەی شەڕ و ململانێی چەکداری، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دوای دەیان ساڵ لە شەڕکردن دواجار گەیشتە ئەو باوەڕەی کە چەک ناتوانێت هیچ ئامانجێکی بۆ بەدیبهێنێت.

یڵدرم لەم بارەیەوە گوتی: "ئێستا پێمان ناوەتە نێو قۆناخێکی نوێوە کە بەرەو چەکدانانی چەکدارەکانیان و راگرتنی چالاکییە سەربازییەکانیان هەنگاو دەنێت؛ کاتێک پرۆسەی چەکداری کۆتایی دێت، ئیتر هیچ کێشەیەک لە ئارادا نامێنێتەوە، چونکە کێشەی دەوڵەت تەنیا لەگەڵ توندوتیژیدا بووە، لە کاتێکدا مافەکانی کورد لە دەستووردا مسۆگەرە."

بنعەلی یڵدرم رایگەیاند: "هەر کەسێک توندوتیژی و تیرۆر رەتبکاتەوە و پشتیوانی لێ نەکات، ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیدا نابێت، بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانیشەوە؛ چونکە پەکەکە ئەمڕۆ قەناعەتی تەواوی بەوە هێناوە کە بژاردەی چەک بێسوودە و لەسەر رێگەی دانانی چەکەکانیەتی."