فیدان: هاوپەیمانیی سەربازیمان بۆ پاراستنی سعوودیە چالاک دەکەین

وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نیویۆرک رایگەیاند, ئەنقەرە هەماهەنگیی سەربازی و تەکنیکی لەگەڵ سعوودیە و پاکستان گەیاندووەتە قۆناخێکی باڵا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکانی سەر خاکی سعوودیە، و کاندیدی پاکستان بۆ سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە پەسەند دەکرێت. هاوکات جەختیشی کردەوە ئیسرائیل بەهۆی کۆمەڵکوژییەکانییەوە باجێکی مێژوویی قورس دەدات و دادگایی دەکرێت.

شەممە 26ـی ئەیلوولی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی 81ـەمین خولی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سەرنجی خستە سەر هەڕەشە سەربازییەکانی سەر ناوچەکە بەتایبەت ئەو هێرشانەی کە لە باشوورەوە لەلایەن حوسییەکان و لە باکوورەوە دەکرێنە سەر سعوودیە.

فیدان ئاشکرای کرد، دوێنێ سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیا لە ریاز بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی هەستیاری سەربازی و تەکنیکیدا کردووە و گوتی: "ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەرکانی سوپامان گفتوگۆم کرد تا بڕیارە تەکنیکییەکان لەگەڵ دیدگای سیاسیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمار یەکانگیر بکەین. سوپای تورکیا هێزێکی زۆر پیشەگەر و خاوەن ئەزموونە و ئامادەکاریی تەواوی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە مەترسییەک، و رێکارە سەربازییەکان لە قۆناخێکی زۆر باشدا بەڕێوە دەچن."

لە تەوەرێکی دیکەدا، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەرگریی هاوبەش کرد لە نێوان تورکیا، سعوودیە و پاکستان و رایگەیاند: "پاکستان کاندیدێکیان بۆ پۆستی سکرتێری گشتیی هاوپەیمانییەکە پێشنیاز کردووە، و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەلایەن وڵاتانی ئەندام و لە نێویاندا خودی تورکیاوە پەسەند دەکرێت. دوای دەستبەکاربوونی سکرتێری گشتییش، هەنگاوەکانی دابەشکردنی پۆست و کادیرە سەربازی و تەکنیکییەکان دەستپێدەکات."

سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هێرشەکانی ئیسرائیل، هاکان فیدان دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل چیدی ناتوانێت بەبێ وەڵام و لێپێچینەوە لە تاوانەکانی بەردەوام بێت و گوتی: "ستەم و کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل وەک پێشتر بێ وەڵام تێناپەڕن؛ لە سایەی هەوڵە دیپلۆماسییە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان، ئیسرائیل ناچار دەکرێت باجێکی یەکجار قورس بدات.

گوتیشی: ئەمڕۆ تەلئەڤیڤ لە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیی داد (ICJ) و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و رێکاری سزای قورسی یاساییدایە، کە پێشتر هەرگیز رووبەڕووی دۆخێکی لەم شێوەیە و دابڕانێکی نێودەوڵەتیی وا نەبووەتەوە."