ژمارەیەکی دیکەی زیندانییە سیاسییەکانی ڤێنێزوێلا ئازاد کران
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەسەڵاتدارانی ڤێنێزوێلا ژمارەیەکی دیکەی زیندانیانی سیاسییان ئازاد کرد. ئەم هەنگاوە هاوکات بوو لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن لە کاراکاس.
نزیکەی 30 زیندانی لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنیان بەجێهێشتووە، کە هەشتیان ژن بوون و لە ساڵی 2021 بە تۆمەتی "تیرۆری پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان" دەستگیرکرابوون.
رێکخراوی Justicia, Encuentro y Perdon ناحکوومی ڤێنێزوێلی لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، 29 کەس لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە ئازاد کراوە.
خولی دووەمی دانوستانەکانی نێوان حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن بە نێوەندگیریی ئەمریکا دەستیپێکردووە، ئەمەش دوای 10 مانگ لە دەستبەسەرکردنی نیکۆلاس مادورۆ دێت، بە گوتەی هەردوولا لە گفتوگۆکانیان پێشکەوتن بۆ چاکسازیی و دادوەری بەدەستهاتووە.
ئۆپۆزسیۆن بەڵێنی داوە فشار بکات بۆ ئازادکردنی سەرجەم زیندانیانی سیاسی. هاوکات دوایین ئاماری رێکخراوی ناحکوومی "فۆرۆ پێناڵ" کە لە 18ـی ئەیلوول بڵاوکرایەوە، دەریخستووە هێشتا 344 زیندانی سیاسی ماون، ئەمەش سەرەڕای دەرچوونی یاسای لێبوردن کە ئازادکردنی سەدان کەسی لەخۆگرتبوو.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەنێو ئەو کەسانەی ئازادکراون و پشتڕاستکراونەتەوە، شەش کەس پەیوەست بوون بە "ئۆپەراسیۆنی گیدۆن"ـەوە، کە هەوڵێکی شکستخواردووی ساڵی 2020 بوو بۆ لادانی مادورۆ و دواتر شەپۆلێکی دەستگیرکردنی لێکەوتەوە.
خانەوادەی زیندانیان لە شەقامەکاندا بەردەوامن لە ناڕەزایەتی دەربڕین. کەسوکاریان شەوانە لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڤێنێزوێلا و لەبەردەم زیندانی "ئێل رۆدیۆ 1" ئامادە دەبن، کە رێکخراوە ناحکوومییەکان ئەو زیندانە وەک ناوەندێکی ئەشکەنجەدان دەناسێنن.