بەگوژمەی نزیکەی 50 ملیار دینار چەند پڕۆژەیەکی رێگاوبان لە سنووری پێنجوێن جێبەجێ دەکرێن

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێن رایگەیاند، بە گوژمەی نزیکەی 50 ملیار دینار، پڕۆژەی جیاواز لە کەرتی رێگاوبان لە سنووری پێنجوێن جێبەجێ دەکرێن.

ئەمیر سۆفی جەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێن بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە گوژمەی 12 ملیار دینار، ژمارەیەک پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی رێگەی 50 گوندی سنوورەکە لە قۆناخی جێبەجێکردندان و پێش سەری ساڵی نوێ سەرجەم پڕۆژەکان تەواو دەکرێن.

ئەمیر سۆفی جەمال ئاشکرایکرد، رێگەی ژمارەیەک گوند قیرتاو دەکرێت، لەوانە رێگەی وارێ کە 19 گوند لەخۆ دەگرێت، رێگەی وێنە بە درێژیی زیاتر لە سێ کیلۆمەتر، رێگەی پێنجوێن - گەرمک - سەیرانبەن بە درێژیی 40 کیلۆمەتر، رێگەی دۆستەدەرە بە درێژیی 11 کیلۆمەتر کە دانیشتووانی نۆ گوند لە پڕۆژەکە سوودمەند دەبن، هەروەها رێگەی چیامێوە - خڕنوک کە هەشت گوندی لەسەرە.

هاوکات چەند پڕۆژەیەکی دیکەی نۆژەنکردنەوەی رێگاوبان لە سنووری پێنجوێن لە قۆناخی جێبەجێکردندان، لەوانە رێگەی نێوان پێنجوێن - کەوڵۆس بە درێژیی 27 کیلۆمەتر و نیو، رێگەی خونیانە - دەڵاڕۆ، رێگەی سیامێوە، رێگەی گوڵانەکان و دروستکردنی پردێکی پەڕینەوەی پیادە لە گۆلێ.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێن رایگەیاند، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی رێگاوبان دروستکردنی دووسایدی نێوان پێنجوێن - باشماخە بە درێژیی 10 کیلۆمەتر کە بە گوژمەی 35 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. 80%ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو کراون و هەموو هەوڵێک دەدرێت ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان.