مەسرور بارزانی: کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە کاتێکی هەستیاردایە

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژنامەی "فاینانشەڵ تایمز"ـی بەریتانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، راپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە کە چەند لێدوانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتووە. بە داخەوە نووسەری راپۆرتەکە، دەقی لێدوانەکانی سەرۆکی حکوومەتی وەکوو خۆی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵکوو زیاتر بۆچوون و لێکدانەوەکانی خۆیەتی نەک دەقی قسەکانی سەرۆکی حکوومەت. 

 

ئەمەش دەقی گرنگترین لێدوانەکانی سەرۆکی حکوومەتە بۆ رۆژنامەکە:

- کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق لە کاتێکی هەستیاردایە.

- هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەزار جار رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتە. 

- بە جێهێشتنی هەرێمی کوردستان بەبێ دابینکردنی هیچ سیستەمێکی بەرگری، مایەی نیگەرانییە.

- بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی دۆخی ئاسایشی عێراق، هەڕەشەیە بۆ سەر سیستەمی فیدراڵی. 

- ئێمە دۆست و هاوپەیمانیی ئەمەریکاین، بەڵام لە هەمانکاتدا دەمانەوێ پەیوەندیی باشیشمان لەگەڵ هەموو دراوسێکانمان لە نێویشیاندا ئێران هەبێت. 

- پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەواممان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و هەمیشە دووپاتمان کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەرگیز بەشێک نییە لە شەڕ و ململانێ و مایەی هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەک. 

- هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئێرانی ساڵانێکی زۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستانن کە بۆ سەردەمی رژێمی پێشووی سەددام حوسێن دەگەڕێتەوە. 

- پشتیوانیی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ عەلی زەیدی دەکەین لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و داماڵینی چەکی میلیشیاکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.

- ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەکی حکوومەتی فیدراڵ لەپێناو زیادکردنی داهاتی گشتی و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکان. 

- هەوڵ و گفتۆگۆکانی کاراکردنەوە پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن.