پەرتووکی کوردستان لە ئەرشیفی رۆژهەڵاتناسە رووسەکاندا بڵاوکرایەوە
پەرتووکی "خاکێک و سێ روانگە؛ کوردستان لە ئەرشیفی رۆژهەڵاتناسە رووسەکاندا" بە وەرگێڕان و ئامادەکردنی د. سەرباز عەزیز وەرتی بڵاوکرایەوە و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.
پەرتووکەکە لە شەش بەش و چەندین تەوەر پێکهاتووە و 274 لاپەڕەیە. ئەم بەرهەمە تیشک دەخاتە سەر کار و ئەرشیفی سێ توێژەری ناوداری رووس بە ناوەکانی یوری کارتسۆڤ، ڤاسیلی نیکییتین و مارگەریتە رودێنکۆ، کە دیدگاکانیان وەک بەردی بناغەی زمانەوانی و ئیتنۆگرافیای کوردی لەسەر ئاستی جیهان دەناسرێن.
د. سەرباز وەرتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، دۆزی کورد تا ئێستا وەک یەکێک لە دۆزە هەستیارەکانی سیاسەتی هاوچەرخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ماوەتەوە. وەرتی روونیکردەوە، خوێنەر لەم پەرتووکەدا تەنیا زانیاریی وشک نابینێت، بەڵکو بە وەسفێکی زیندووی ژیانی رۆژانە لە شێوازی دروستکردنی رەشماڵەوە تا وردەکاریی بیروباوەڕە ئایینییەکان ئاشنا دەبێت.
وەرگێڕی پەرتووکەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بەرهەمە گێڕانەوەیەکی مێژوویی سادە نییە، بەڵکو توێژینەوە و گەشتێکی بەڵگەنامەییە بۆ قووڵایی ئەو راستییانەی رۆژهەڵاتناسە رووسەکان سەبارەت بە ژیان، کەلتوور و خەباتی سیاسیی گەلی کورد خستوویانەتەڕوو.
سەبارەت بە بایەخی ئەم توێژینەوانە، وەرتی روونیکردەوە کە کوردستان بۆ چەندین سەدە بۆ زۆرێک لە توێژەرانی رۆژئاوا وەک خاڵێکی نادیار مابووەوە، بەڵام قوتابخانەی رۆژهەڵاتناسیی رووسی کۆمەڵێک زانیاریی بێوێنەی کۆکردەوە کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەم پەرتووکەدا خراونەتە روو.
پەرتووکەکە روانگەی سێ توێژەرەکە بەمشێوەیە شیدەکاتەوە:
یەکەم، روانگەی سەربازی-ستراتیژی و جوگرافیی یوری کارتسۆڤ، کە وەک ئەفسەری ئەرکانی گشتی و دیپلۆماتکار، وەسفێکی وردی بۆ جوگرافیای ناوچەکە، پێکهاتەی هۆز و توانا سەربازییەکان کردووە.
دووەم، روانگەی دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی-کەلتووریی ڤاسیلی نیکییتین، کە کونسوڵی پێشووی رووسیا بووە لە ئێران و بە باوکی کوردناسی ناسراوە، شیکردنەوەی بۆ دەروونناسیی گەل، دابونەریت، پێگەی ژن و سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کردووە.
سێیەم، روانگەی ئەکادیمی و ئەدەبیی مارگەریتە رودێنکۆ، کە تەمەنی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لە دەستنووسە کوردییەکانی گەنجینەکانی لێنینگراد تەرخان کردووە و ئەفسانە و بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەحمەدی خانی و فەقێ تەیرانی وەک بەڵگەی کەلتوورێکی دەوڵەمەند ناساندووە.
د. سەرباز وەرتی جەختیکردەوە، ئەم پەرتووکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پاراستنی ناسنامەی گەلی کورد و ئاراستەی مێژوونووسان، رۆژهەڵاتناسان، سیاسەتمەداران و کوردناسان کراوە. وەرگێڕەکە ئاماژەی بەوەش دا کە وێڕای ئامانەتبوون لە وەرگێڕانی دەقەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا، تەنیا روونکردنەوەی پێویست لە پەراوێزەکاندا زیاد کراوە بۆ ئەوەی تێگەیشتنی خوێنەر ئاسانتر بێت، بەبێ ئەوەی بیروبۆچوونی کەسیی تێکەڵ بە دەقەکان کرابێت.
لە کۆتایی پەرتووکەکەدا ناساندنی سێ توێژەرەکە و وێنەکانیان لەسەر بەرگی دواوە دانراوە. ناوەڕۆکی ئەم بەرهەمە چەندین بابەتی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە: پێکهاتەی کۆمەڵگە، مێژوو و رەچەڵەک، دابەشبوونی کوردستان، شێوازی ژیان، ئابووری، فۆلکلۆر و سیاسەتی جیۆپۆلیتیکی.
د. سەرباز عەزیز وەرتی، جگە لە توێژینەوە زانستییەکان، خاوەنی چەندین بەرهەمی دیکەیە، لەوانە "جیۆپۆلەتیکی مۆدێرن" (2021) و "پێداگۆجی مامۆستا" (2025).