ریال مەدرید و زەینەدین زیدان بووەتە شەڕیان
کێشە و گرفتێکی زۆر بەهۆێ کیلیان ئێمباپێ لە نێوان زەینەدین زیدان راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و ریال مەدرید دروست بووە، بەو پێیەی کیلیان ئێمباپێ ئێستا بەهۆی ئازارێکی زۆری ئەژنۆی چەپی دەناڵێنێت.
ڕۆژنامەی *L'Equipe*ـی فەرەنسا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە پێش ئەوەی کیلیان ئێمباپێ پەیوەندی بە کەمپی مەشق و راهێنانەکانی هەڵىژاردەی فەرەنسا بکات، دەستەی پزیشکی ریال مەدرید لەبارەی هەبوونی ئازارێک لە ئەژنۆی ئێمباپێ، دەستەی پزیشکی هەڵبژاردەی فەرەنسایان ئاگادار کردووەتەوە.
ڕیال مەدرید پەیوەندی بە دەستەی پزیشکی فەرەنسا کردبوو، داوای کردبوو بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی تەندروسی ئێمباپێ بکرێت و پشووی پێویست وەربگرێت بۆ ئەوەی پێکانەکەی خراپتر نەبێت. بەڵام زێدان بڕیاریدا لە یەکەم یاری خۆیدا وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ یارییەکەی دژی تورکیا ئێمباپێ وەکو کاپتن یاریی پێ بکات.
ئێمباپێ ڕۆژی هەینی لە یارییەکەی بەرامبەر تورکیا وەکو یاریزانی سەرەکی هاتە نێو یاریگە، لە یەکەمین یاری لەژێر سەرپەرشتی راهێنانەکانی زێدان، ئێمباپێ لە خولەکی 54 گۆڵیکی کرد و فەرەنسا بەو تاکە گۆڵە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام خۆشییەکانی ئێمباپێ زۆری نەخایەند؛ ڕاستەوخۆ دوای گۆڵەکە هەستی بە ئازار لە ئەژنۆی کرد و لەنێو یاریگادا چارەسەری بۆ کرا و بەردەوامی دا بە یاریکردن.
بەڵام ئێمباپێ دوای چەند خولەکێکی دیکە هەستی بە ئازار کردەوە و کەوتە سەر زەوی و زیدان لە خولەکی 58 بڕیاریدا ئەو یاریزانە بگۆڕێت، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای دەستەی پزیشکی و هونەری ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنسا دروست کرد. دواجار ئەو یاریزانە بۆ پشکنینی پزیشکی کەمپی مەشقی هەڵبژاردەکەی جێهێشت و گەڕایەوە مەدرید.
یانەی ریال مەدرید لە بەیاننامەیەکی پزیشکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە، لە پشکنینەکانی ئێمباپێ دەرکەوتووە لە بەشی پشتەوەی ئەژنۆی چەپی تووشی پێکان بووە، بەڵام وادە گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان دیار نییە.بە گوێرەی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا، کیلیان ئێمباپێ 10 بۆ 12 ڕۆژ لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە، ئەمەش ماوەیەکی کاتییە بەمەش تەنیا گومان لە بەشداریکردنی لە یاریی داهاتووی ڕیاڵ مەدرید بەرامبەر ڤیاڕیال دروست دەکات کە بڕیارە یارییەکە لە رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو بکرێت.
بەگوێرەی پێگەی لکیپ، زەینەدین زیدان بۆ 3 یاریی داهاتووی فەرەنسا لە تواناکانی کاپتنی تیپەکەی کیلیان ئێمباپێ بێبەش دەبێت و هیچ یاریزانێک بۆ شوێنی ئەو یاریزانە بانگهێشت ناکرێت.
فەرەنسا 3 یاریی داهاتووی بە بێ ئێمباپێ دەکات. رۆژی دووشەممە بەرامبەر بەلجیکا، رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو بەرامبەر ئیتاڵیا، رۆژی 5ـی مانگی داهاتوو جارێکی دیکە بەرامبەر بەلجیکا دوور دەکەوێتەوە.