زانکۆیەکی سەربەخۆ لە خانەقین دادەمەزرێنرێت
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای فیدراڵ یاداشتنامەیەکی لەیەکگەیشتنیان واژۆ کردووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی دانپێدانان بە زانکۆی گەرمیان و دامەزراندنی زانکۆیەکی سەربەخۆ لە شاری خانەقین.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویکردەوە، شاندێکی وەزارەت بە ئەندامێتیی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان، بەڕێوەبەرە گشتییە تایبەتمەندەکان و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لە تەلاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی لێژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بە ئامادەبوونی شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا بەڕێوەچوو، تێیدا گفتوگۆیەکی چڕ لەبارەی کێشەی دانپێدانان بە زانکۆی گەرمیان کرا و هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، خاڵەکانی یاداشتنامەی لەیەکگەیشتنەکە بەم شێوەیەن:
-دامەزراندنی زانکۆیەک لە خانەقین: زانکۆیەکی سەربەخۆ بۆ شاری خانەقین دادەمەزرێت و سەرجەم ئەو کۆلێژانە دەگرێتەوە کە لە ئێستادا لە سنووری ئەو شارەن و سەر بە زانکۆی گەرمیانن.
-سەرۆکایەتیی زانکۆکە: سەرۆکی زانکۆ نوێیەکەی خانەقین کەسایەتییەکی خەڵکی شارەکە دەبێت.
-پرۆسەی وەرگرتن: دەرگای وەرگرتن لە زانکۆکە بۆ سەرجەم خوێندکارانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق کراوە دەبێت.
-دانپێدانان بە زانکۆی گەرمیان: سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی گەرمیان (بە کۆلێژەکانی خانەقینیشەوە) لە رۆژی دامەزراندنیانەوە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە بە فەرمی دانپێدانراو دەبن.
-وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەمەبەستی پەسەندکردنی کۆتایی، یاداشتنامەکە لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.