لە خورماڵ منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان لە نێو حەوزی باخەکەیاندا خنکا

لە رووداوێکدا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای خورماڵ، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان کەوتە نێو حەوزی باخی ماڵی خۆیان و خنکا؛ تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی هەڵەبجە کرا و پۆلیسیش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردەوە.

یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، ئاکام قوتبەدین ئاغاوەیس، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ بە ناوی سان عامر تۆفیق لە نێو حەوزی باخی ماڵی خۆیاندا لە گوندی یەڵانپێی سەر بە قەزای خورماڵ کەوتووەتە نێو ئاو و گیانی لەدەستداوە.

ئاسان محەممەد، پەیامنێری "کوردستان24" لە هەڵەبجە، رایگەیاند، تەرمی منداڵەکە سەرەتا بە مەبەستی توێکاری رەوانەی پەیمانگەی پزیشکیی دادی هەڵەبجە کراوە، پاش تەواوبوونی رێکارە پزیشکییەکان گواستراوەتەوە بۆ مزگەوتی ئیمام موسلیم لە قەزای خورماڵ بۆ بەجێهێنانی رێوڕەسمە ئایینییەکان و نوێژی مردوو، بەر لەوەی بەرەو گۆڕستان بەڕێبکرێت بۆ بەخاکسپاردنی.

پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە لایەن بنکەی پۆلیسی خورماڵەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم رووداوە کراوەتەوە و بەدواداچوونی یاسایی بۆ ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان دەستیپێکردووە.