سەعد مەعن: دوو چەکداری داعش لە شارۆچکەی پردێ کوژراون
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری شارەدێی پردێ لە پارێزگای کەرکووک، دوو چەکداری خۆکوژ کوژران و تیرۆریستێکی دیکەش دەستگیر کرا، هاوکات لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکەدا هاووڵاتییەکی مەدەنی شەهید بوو و دوو کارمەندی هێزەکانیشیان بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەمای چاودێری و بەدواداچوونی وردی هەواڵگری لەلایەن هێزێکی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دووەم، هێزەکانیان لەگەڵ سێ چەکداری تیرۆریست لە سنووری شارەدێی پردێ (ئاڵتوون کۆپری) تووشی پێکدادان بوون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق روونی کردەوە، دوو لە چەکدارەکان پشتێنی بۆمبڕێژکراویان بەستبوو کە دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانەوە کوژران، چەکداری سێیەمیش کە کاری گواستنەوەی تیرۆریستەکانی لە ئەستۆ بووە، دوای برینداربوونی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە ئۆپەراسیۆن و شەڕەکەدا، هاووڵاتییەکی مەدەنی شەهید بووە، هاوکات دوو کارمەندی دەزگای دژەتیرۆری عێراقیش بریندار بوون.
لەلای خۆیەوە، دەزگای دژەتیرۆر عێراق بڵاویکردەوە، دەزگای دژەتیرۆر ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی تایبەتیان لە پارێزگای کەرکووک (ئاڵتوون کۆپری) ئەنجامدا، کە تێیدا رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سێ تیرۆریستی داعش روویدا و لە ئەنجامدا دووانیان کوژران و یەکێکی دیکەیان دەستگیر کرا.
ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی فەرمانی دادوەری و لە چوارچێوەی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییە بەردەوامەکانی دەزگاکەمان بۆ راوەدوونانی پاشماوەی تیرۆریستییەکان جێبەجێ کرا.
دەزگای دژەتیرۆر جەخت لە بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەکاتەوە بۆ راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر، وەک بەرگرییەک لە ئاسایشی عێراق و سەلامەتیی گەلەکەی.