قەیرانی گاز و بەرزی نرخ ئەوروپییەکان ناچار دەکات بەکارهێنانی وزە کەم بکەنەوە

یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری دەداتە وڵاتانی ئەندام لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانێکی توندی نرخی وزە بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگی ئێرانەوە، داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات رێوشوێنی بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی خواست لەسەر وزە بگرنەبەر و بەردەوام بن لە پڕکردنی کۆگاکانی گاز بۆ وەرزی زستان.

یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "بلومبێرگ"، دان یۆرگنسن، کۆمیسیاری وزەی یەکێتیی ئەوروپا لە نامەیەکدا بۆ وەزیرانی وزەی 27 وڵاتی ئەندام هۆشداری داوە لەوەی پشتبەستنی ناوچەکە بە سووتەمەنیی بەردینی هاوردەکراو وای لێدەکات بکەوێتە ژێر کاریگەریی شڵەژانی بازاڕەکانی وزە، هەربۆیە داوای لە حکوومەتەکان کردووە بە پەلە خۆیان بۆ وەرزی سەرما و بەکارهێنانی گەرمی ئامادە بکەن.

یۆرگنسن لە نامەکەیدا نووسیویەتی: "ئێمە رووبەڕووی قەیرانێکی نرخ بووینەتەوە کە پەیوەستە بە قەیرانی دابینکردنی وزەوە." بەگوێرەی ئامارەکان، نرخی گازی ئەوروپی لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە و لەم مانگەدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە دوای کۆتایی ساڵی 2022ـوە. ئەم تێچووە بەرزەش رکابەریی ئابووریی کۆمپانیا ئەوروپییەکانی لاواز کردووە، هاوکات گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر حکوومەتەکان تا هاوکاریی هاووڵاتییان بکەن لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی پسوولەی وزەدا.

کۆگاکانی گازی ئەوروپا

کۆگاکردنی گازی لەمساڵدا دژوارییەکی تایبەتی بەخۆیەوە بینیوە، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە نرخی گرێبەستە کورتخایەنەکان لە چاو گرێبەستەکانی زستان بەرزتر بوونەتەوە، ئەمەش وایکردووە پڕکردنی کۆگاکان لە وەرزی هاویندا لە رووی ئابوورییەوە سوودێکی ئەوتۆی نەبێت. ئێستا رێژەی پڕبوونی کۆگاکانی گاز لە ئەوروپا کەمێک لە 70%ـی تێپەڕیوە، لە کاتێکدا تێکڕای وەرزی لەم کاتەی ساڵدا گەیشتبووە 86%.

یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا رێگە دەدەن کە ئاستی پڕکردنی کۆگاکان بە رێژەی 10 خاڵی سەدی کەمبکرێتەوە، واتە لە 90%ـەوە داببەزێنرێت بۆ 80%ـەوە، بە مەبەستی سووککردنی گوشاری دەستبەجێی سەر نرخەکان و کەمکردنەوەی تێچووی کۆگاکردن.

کۆمیسیاری وزەی ئەوروپا رایگەیاند، سوودوەرگرتن لەم نەرمینواندنە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەڵام داوای لە وڵاتانی ئەندام کردووە تا ئەو شوێنەی گونجاوە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ بەردەوامیدان بە پڕکردنی کۆگاکان، یاخود خواست لەسەر بەکارهێنانی گاز و کارەبا بۆ هەر ماوەیەک پێویست بێت کەم بکەنەوە.