سووریا.. پیلانێکی داعش پووچەڵکرایەوە و دەست بەسەر شانەیەکی چەکدار و چەندین بۆمبدا گیرا

وەزارەتی ناوخۆی سووریا پووچەڵکردنەوەی پیلانێکی تیرۆریستیی رێکخراوی داعشی راگەیاند؛ لە ئۆپەراسیۆنێکی پێشوەختەی دەزگا ئەمنییەکان لە چەندین پارێزگادا، توانرا دەست بەسەر تەواوی ئەندامانی شانەیەکی داعش و چەندین بۆمبی ئامادەکراو بۆ تەقینەوەدا بگیرێت.

یەکشەممە 27ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی گشتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەڕێوەچووە، دوای بەدواداچوونی وردی هەواڵگری بۆ سەر جموجووڵی شانەیەکی سەر بە چەکدارانی داعش لە چەند پارێزگایەکی جیاوازدا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە بە سەرکەوتوویی هەڵبکوتنە سەر مۆڵگەی ئەو گرووپە و سەرجەم ئەندامانی شانە تیرۆریستییەکە دەستگیر بکەن. هاوکات لە کاتی پشکنینی شوێنەکەدا، دەست بەسەر ژمارەیەک بۆمبی چێنراودا گیراوە کە لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکاریدا بوون بۆ تەقاندنەوە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی کۆگایەکی چەکی جۆراوجۆر، نارنجۆکی دەستی و بڕێکی بەرچاو لە تەقەمەنی.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا جەختی لەوە کردەوە ئامانجی ئەم شانەیە تێکدانی ئاسایش و لێدانی سەقامگیریی ناوچەکە بووە لە رێگەی کردەوەی تێکدەرانەوە، بەڵام وریایی دەزگا ئەمنییەکان و هەنگاوە پێشوەختەکان وایکرد تەواوی پیلانەکەیان بەر لە جێبەجێکردن لەبارببرێت.