ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا: هێزەکانی ئەمریکا بەتەواویی لە عێراق کشاونەتەوە
ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا لەسەرزاریی بەرپرسێکی عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە: هێزەکانی ئەمریکا بەتەواوی کشاونەتەوە، تەنانەت هێزی پاڵپشتی لۆجستیش عێراقیان بەجێهێشتووە.
بەرپرسێکی باڵای عێراق قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی کردووە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەکردووە: کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی هاتووە؛ هێزی شەڕکەر و هێزی پشتیوانی لۆجیستیش کشاونەتەوە.
ئەو بەرپرسەی عێراق راشیگەیاندووە؛ چاوەڕوانی لایەنی ئەمریکین بۆ ئەوەی بەفەرمی کۆتایهاتنی کشانەوەی هێزەکانیان لە عێراق رابگەیەنن و بەرەو پەیوەندی دوولایەنە هەنگاو بنێن.
دوا وادە بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەسەرۆکایەتی ئەمریکا دوو رۆژی دیکەیە،واتە 30ـی ئەیلوول.
پێشتر لە 13ـی ئابی 2026، ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پێرس (ئەی پی) لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، سوپای ئەمریکا پلانی دانابوو تاوەکو 30ـی ئەیلوول کۆتایی بە بوونی سەربازیی خۆی لە عێراق بهێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو زۆربەی بنکەکانیان چۆڵکردبوو و هێزەکانیان گوازرابوونەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە پرۆسەی کشاندنەوەی هێز و کەرەستە سەربازییەکان لە هەولێرەوە نزیکەی سێ هەفتە پێشتر دەستیپێکردبوو.
راپۆرتەکەی ئەی پی هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق و براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەغدا، تێیدا جەخت لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردوولا کرایەوە کە لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ واشنتن لە مانگی تەممووزی رابردوودا واژووکرا بوو.
لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردبووەوە، یەکەم رۆژی مانگی تشرینی یەکەم دەبێتە قۆناخێکی نوێ لە مێژووی دەوڵەتدا، بە جۆرێک عێراق لە هەر بوونێکی سەربازیی بیانی خاڵی دەبێت و سەروەریی خاکی خۆی دەگێڕێتەوە، هەروەها داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردبوو تواناکانیان ئاراستەی بونیادنان و ئاوەدانکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر چەتری دەوڵەتدا بکەن، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانی داهاتوی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای هاوبەشیی ئابووری، گەشەپێدان و رێزگرتنی هاوبەش بەردەوام دەبێت.