نرخی نەوتی برێنت زیاتر لە 3% بەرزبووەوە
لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیاز و مەرجەکانی ئێرانی بۆ راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان بەکاتی و کردنەوەی گەرووی هورمزی رەتکردەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە.
لە مامەڵەکانی بازاڕی ئاسیادا بە رێژەی زیاتر لە 3% بەرزبووەوە و نرخی یەک بەرمیل گەیشتە 107.51 دۆلار، هاوکات نرخی نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی بە رێژەی 2.1% بەرزبووەوە و گەیشتە سەرووی 94.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
دۆنالد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "ئەكسيوس" رایگەیاند، مەرجەکانی تاران شتێک بوون کە رەنگە واشنتن ساڵێک لەمەوبەر رەزامەندی لەسەر دابێت، بەڵام ئێران پێگەی خۆی بە هەڵە بەهێز نرخاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی دەکات کە گفتوگۆکان لەم هەفتەیەدا دەستپێبکەنەوە، هەرچەندە مسۆگەرکردنی گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ هێشتا ناڕوونە.
سوفرو ساركار، سەرۆکی ئابووریی وزە لە "دی پی ئێس بانک"، پێی وایە قازانج و بەرزبوونەوەکانی نەوت لەوانەیە سنووردار بن، چونکە پێشتر بازاڕەکە چاوەڕوانی کردنەوەی خێرای گەرووەکەی لە ماوەی حەوت رۆژدا نەدەکرد و ئەم بابەتە گۆڕانکاری گەورە لە دۆخەکەدا دروست ناکات.
لەلایەکی ترەوە، تاران و واشنتن پێشتر گفتوگۆیان لەسەر رێککەوتنێک دەکرد بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووەکە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران، هاوشێوەی یاداشتنامەکەی مانگی حوزەیران کە دواتر هەڵوەشێندرایەوە، هەروەها، سکوت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، پێدەچێت بەیژینگ پاڵپشتییەکانی بۆ ئێران کەم بکاتەوە و تاران لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆتا کەشتییە نەوتییەکانی خۆی رەوانەی چین بکات.